ھەدەپە: دەسەڵات گومان بۆ رەوایی ھەڵبژاردن دروست دەكات

"رێگەیان لێنەگرێت، ئیدی لە توركیا رەوایەتی ھیچ ھەڵبژاردنێك نامێنێت"

K24 - ھەولێر

ھەدەپە دووپاتیدەكاتەوە "ھەوڵەكانی دەسەڵاتدارانی توركیا گومان دەخەنە سەر ھەڵبژاردن و ئەگەر كۆمسیۆن رێگەیان لێنەگرێت، ئیدی لە توركیا رەوایەتی ھیچ ھەڵبژاردنێك نامێنێت".

پەروین بوڵدان و سزای تەمەللی، ھاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) دەربارەی پرۆسەی ھەژماركردنەوەی دەنگەكان و ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، لە راگەیەندراوێكدا دەڵێن: "توركیا بە پرۆسەیەكی ھەستیاردا تێدەپەڕێت و دەسەڵات دەستوەردانی نا یاسایی و نا ئەخلاقی لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان دەكات".

ئاماژەش بەوە دەكەن: "ناڕەزایی دەربڕین دەربارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان، مافێكی یاساییە، بەڵام ئەو مافە تەنیا بۆ ئاكەپە و مەھەپە بەكاردەھێندرێت و ھیچ سكاڵایەكی ھەدەپە وەرناگیرێت".

ھاوسەرۆكانی ھەدەپە دەشڵێن: "لقەكانی كۆمسیۆن لە شار و شارۆچكەكان ئەركی خۆیان جێبەجێ ناكەن، بە پێچەوانەوە ناڕەوایی دەكەن و كۆمسیۆنی باڵاش چاوپۆشی لەو كردەوە دژە یاسایانە دەكات".

ئەوەشیان خستووەتەڕوو: "ھەوڵەكانی لەو شێوەیە گومان بۆ ھەڵبژاردن و  دیموكراسی دروست دەكەن و ئەگەر كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی توركیا رێگە لە كردەوەكانی دەسەڵات نەگرێت، ئیدی ھیچ رەوایەتییەك بۆ ھەڵبژاردنەكانی توركیا نامێنێت".

رۆژی 31/3/2019، ھەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە شارەكانی توركیا و باكووری كوردستان بەڕێوەچوو، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) وەك حزبی دەسەڵاتدار ھەردوو گەورە شاری توركیا ئەنقەرە و ئیستانبۆڵی لەدەستدا و جەھەپە لەو دوو شارە سەركەوت، ھەروەھا ھەدەپە چەند شارێكی باكووری كوردستانی لەدەستدا.

ھ.م