هەڵمەتی نیشتیمانیی کوتان دژی ئیفلیجی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد

"هەر منداڵێک لە پێنج ساڵ کەمتر بێت دەبێت بکوترێت"

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ هەڵمەتی نیشتیمانیی کوتان دژی ئیفلیجی منداڵ لە هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات، بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت و نزیکەی یەک ملیۆن 680 هەزار منداڵ دەگرێتەوە.

د. چەتۆ محەمەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "ساڵانە چوار جار ئەم هەڵمەتە بەڕێوە دەچێت، دووجار لە بەهاران و دوو جار لە پایزان و بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت".

راشیگەیاند: "ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە خواری پێنج ساڵانە و ئەگەر منداڵەکە پێشتریش کوترا بێت، دووبارە دەکوترێتەوە".

لە لایەکی دیکەوە و لە شاری سلێمانی، فوئاد ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندنی بنکەی خۆپاراستن لە نەخۆشخانەی شیرەکە (مەڵبەندی تەندروستیی ئیبراهیم پاشا) رایگەیاند: "هەموو منداڵێک لە رێگای دەمەوە، دوو قەترەی دەدرێتێ و سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە".

ئاماژەی بەوەش دا، لە ساڵی 2000ەوە، نەخۆشیی ئیفلیجی لە هەرێمی کوردستان نەماوە، بەڵام ئەم هەڵمەتانە پاڵپشتین و دەبێت هەموو منداڵێک بگرێتەوە.

H.J