ئەنجومەنی ناوەندیی یەكێتیی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی پەسند كرد

"بە تێكڕای دەنگی ئەندامان رێككەوتنەكە پەسند كرا"

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆ ئەنجومەنی ناوەندیی یەكێتی لە سلێمانی كۆبووەوە و رێككەوتنی پارتی و یەكێتی بۆ پێكھێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پەسند كرد.

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ناوەندی ئاشكرای كرد: "دەستەی كارگێڕ ‌و ئەندامانی شاندی دانوستانكار‌ و جێگری سكرتێر ‌و ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندیی، بۆچوون ‌و پرسیار و پێشنیازەكانیان خستەروو، لەلایەن جێگری سكرتێری گشتی ‌و دەستەی كارگێڕ ‌و لیژنەی دانوستانكارەوە وەڵام درانەوە. بە تێكرای دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندیی، پڕۆژەی لێك تێگەیشتنی نێوان یەكێتی ‌و پارتی بۆ رێككەوتن لەبارەی حكوومەت، سەرۆكایەتیی هەرێم، سەرۆكایەتیی پەرلەمان، پەسەند كرا‌و دەستخۆشیی لە شاندی دانوستانكاری یەكێتی كرا".

بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەندیی یەكێتی ئەمڕۆ 7/4/2019، لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە لە سلێمانی بە ئامادەبوونی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی و ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و شاندی دانوستانكاری یەكێتی بەڕێوە چووە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24، بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا شاندی پارتی و یەكێتی كۆببنەوە و رێككەوتنی نێوانیان واژۆ بكەن.

ھ.م