لە ھەولێر گەنجێك لەسەر ھەڕەشەكردن لە كچان دەستگیر كرا

دانی بە تاوانەكەدا ناوە

K24 - ھەولێر

گەنجێكی دانیشتووی شاری ھەولێر بەھۆی ھەڕەشەكردنی لە بڵاوكردنەوەی وێنەی كچێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستگیر كرا.

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە ھەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "دواى ئەوەى ئافرەتێك بەناوى (ج،ح،م) سەردانى بەرێوەبەرايەتيەكەمانى كرد ئاگادارى كردينەوە بەوەى كە كوڕێك بەناوى (م،أ،أ) دانیشتووى شارى هەولێرە هەڵساوە بەدانانى پەيوەندى خۆشەويستى لەگەڵى گوايە ھاوسەرگیری لەگەڵ دەكات، دواتر متمانەيەكى زۆرى لاى ئافرەتەکە دروست كردووە چەندين وێنەى ئافرەتەكەى گرتووە، پاشان هەڕەشەى بڵاوكردنەوەى وێنەكانى لێكردووە گەر 10 هەزار دۆلارى پێنەدات، بەڵام ئافرەتەكە پارەكەى نەداوەتێ و سەردانى بەرێوەبەرايەتيەكەمانى كردوو دوای وەرگرتنى رەزامەندى دادوەرى لێكۆڵینەوە تيمەكانمان لە نووسينگەى منارەى بەرەنگاربووەنەوەى توندوتيژى دژى ئافرەتان و خێزان پاش دارشتنى پلانێكى ورد و تۆكمە توانيان تۆمەتبارەكە دەستگير بكەن".

ئاماژە بەوەشكراوە: "تۆمەتبارەكە دانى بەتاوانەكانى داناوە و مۆبايلەكەى چەندين وێنەى ئافرەتەكەى تێدابوو. رێكارى ياسايى بەرامبەر گيراوەتەبەر و لێكۆڵينەوەش لەسەر كەيسەكە بەردەوامە".

لەو راگەیەندراوەدا جەختكراوەتەوە: "بۆ هەر جۆرە حاڵەتێكى لەم شێوەيە دەتوانن پەيوەندى بكەن بە هێڵى گەرمى ژمارە (119)".

ھ.م