پارتی و یەكێتی رێككەوتنێكی دیكە واژۆ دەكەن

شاندی باڵای پارتی و یەكێتی ئاشكرا دەكات

K24 - ھەولێر

بڕیارە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنێكی دیكە لەبارەی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و پشكی یەكێتی لە سەرۆكایەتی ھەرێم و پەرلەمان واژۆ بكەن.

بەختیار شاوەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بە كوردستان24ـی راگەیاند "بڕیارە شاندی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی كۆببنەوە، دواتر هه‌ریه‌ك له‌ نێچیرڤان بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سووڵ رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی سەبارەت بە بەشداریكردنی یەكێتی لە حكوومەت واژۆ بكەن".

پێشتریش ھۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بە كوردستان24ـی راگەیاندبوو "پارتی رێككەوتنی سیاسیی لەگەڵ یەكێتی واژۆ كردووە و تەنیا ماوە رێككەوتنی بەشداریكردن لە حكوومەت واژۆ بكەن و ئێمە ھیچ گرفتێكمان نییە و ئامادەین رێككەوتنەكە واژۆ بكەین".

دوێنێ چەند بەرپرسێكی یەكێتی رایانگەیاندبوو، كە ئەمڕۆ رێككەوتنەكە واژۆ دەكرێت، بەڵام بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی ناكرێت.

ھ.م