مەسرور بارزانی: نابێت گەلی کوردستان بکرێتە قوربانی ئەجێندای حزبی

مەسرور بارزانی و رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان کۆبوونەوە

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ دووشەممە 08/04/2019، مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان و شاندی یاوەری کرد و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانیان دووپاتکردەوە.

لەو دیدارەدا، پێشهاتەکانی ناوچەکە و پێویستی یەکڕیزیی و تەبایی لەنێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان تاوتوێ کرا.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پێویستی یەکڕیزیی گەلی کوردستان و بایەخدان بە بەرژەوەندی  گشتی دا و رایگەیاند، گەلی کوردستان شایستەی خزمەتکردنی زیاترە و نابێت بکرێتە قوربانی ئەجێندای حزبیەوە.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش، باسی لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی‌ کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لەوە کردەوە، پێویستە لەپێناو دابینکردنی داخوازی و داواکاری هاووڵاتییان، پەلە لە هەنگاوەکان بکرێت.

لەبەرامبەردا رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رۆڵی سەرۆک بارزانی لە نزیککردنەوەی لایەنەکان بە کاریگەر و پێویست زانی و جەختی لە تەبایی ویەکریزی لە پێناو بەھێزبوونی زیاتری ھەرێمی کوردستان کردەوە و ھەروەھا هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی لە ئەرکی نوێیدا خواست و پاڵپشتی حزبەکەشی لە جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانی و گشتیەکاندا راگەیاند.

‌H.J