دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا داوایەکی ئەکەپەی رەتکردەوە
ئەردۆغان هەڕەشە دەکات و نرخی لیرە دابەزیووە
K24 – ههولێر:
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، داوایەکی پارتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی لەبارەی دووبارە هەژمارکردنەوەی دەنگەکانی شاری ئیستانبوڵ رەتکردەوە.
پێشتر ئەردۆغان رایگەیاندبوو، هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی تورکیا بە "تاوانێکی رێکخراو" شێوێندراوە و گومانی لەسەر هەڵبژاردنەکانی 31ی مانگی رابردوو دروست کرد.
ئەردۆغان لە لەدەستدانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە نیگەرانە، بەڵام نیگەرانییەکانی لە ئیستانبوڵ زیاتر چونکە بە چەند هەزار دەنگێک شکستیان هێنا و جەهەپە شارە گەشتیارییەکەی تورکیای بردەوە.
سووربونی ئەردۆغان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی ئێستای هەڵبژاردن لە ئیستانبوڵ و هەڕەشەکانی، بەهای لیرەی تورکی دابەزاندووە.
بە گووتەی پارتەکەی ئەردۆغان، ئەکەپە، لە ناوچەیەکی ئیستانبوڵ 11 هەزار و 186 کەس بە نایاسایی ناویان تۆمارکراوە و دەنگیان داوە، بەڵام بەرپرسانی ناوچەکە ئەو تۆمەتەیان رەتکردووەتەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، هەردوو ئەکەپە و هەدەپە دەنگەکانیان کەمیکرد، بەڵام ئەوەی بۆ ئەکەپە مایەی نیگەرانی زۆرە، لەدەستدانی هەردوو پایتەختی سیاسی و گەشتیاریی تورکیایە.
Reuters
H.J