له‌ سلێمانی دوای كوژرانی هاووڵاتییه‌ك چوار تۆمه‌تبار ده‌ستگیركران و بكوژه‌كه‌ رایكردووه‌

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ شاڕێی سالم له‌ شاری سلێمانی هاووڵاتییه‌ك درایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژ و كوژرا

K24 – سلێمانی:

دوای ئه‌وه‌ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ شاڕێی سالم له‌ شاری سلێمانی هاووڵاتییه‌ك درایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژ و كوژرا، پۆلیسی سلێمانی رایگه‌یاند، چوار كه‌سیان به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌ستگیركردووه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، پۆلیسی سلێمانی رایگه‌یاندووه‌،  ئێوارەی ئەمڕۆ كاتژمێر 3:30 خولەك لە ناو گازینۆیەكدا لە شەقامی سالم لەشاری سلێمانی دەستڕێژی گولـلە لە هاووڵاتیەك كرا و دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتن و بنكەی پۆلیسی رزگاری و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان, كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی رووداوەكە كراو دەركەوت كە تۆمەتبارێك تەقەی لە هاووڵاتیەك كردووە و 3 فیشەكی پێوە ناوە. 

هه‌روه‌ها هاتووه‌: دوای بەدوادواچوونی هێزەكانی پۆلیس و وەرگرتنەوەی كامێرای چاودێری, توانرا 4 تۆمەتبار دەستگیربكرێن و لە ئێستادا ئەنجامدەری سەرەكی تاوانەكە كە ناوی (أ. أ. ص) هەڵهاتووە و هێزەكانی پۆلیس لە گەڕان و لێكۆڵینەوەدان بۆ دەستگیركردنی.