پۆ‌مپێیۆ: تره‌مپ فشاری زیاتر ده‌خاته سه‌ر ئێران
"تا تاران ره‌فتاره‌كانی نه‌گۆڕێت به‌رده‌وام ده‌بین"
K24- هه‌ولێر:
مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دووپاتیكرده‌وه، سه‌رۆك تره‌مپ فشاری زیاتر ده‌خاته سه‌ر ئێران.
پۆ‌مپێیۆ له میانه‌ی ئاماده‌بوونی له دانیشتنی كۆنگرێسی وڵاته‌كه‌ی رایگه‌یاند، "ده‌توانم بۆ هه‌موو جیهان دووپاتی بكه‌مه‌وه، كه تا ئه‌و كاته‌ی تاران ره‌فتاره‌كانی ده‌گۆڕێت، سه‌رۆك تره‌مپ له زیادكردنی فشاره‌كانی بۆ سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران به‌رده‌وام ده‌بێت".
سه‌باره‌ت به‌و وڵاتانه‌ش كه ئه‌مه‌ریكا له سزاكانی له كڕینی نه‌وتی ئێران لێیان ده‌بوورێت، پۆ‌مپێیۆ گوتی: له ئێستادا هیچ راگه‌یاندنێك به‌و ئاراسته‌یه نییه.
جێگای ئاماژه‌یه، ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر به كڕینی نه‌وتی ئێران له 8 وڵات خۆش بووه، ئه‌وانیش بریتین له: چین، هیندستان، یۆنان، ئیتاڵیا، تایوان، ژاپۆن، توركیا و كۆریای باشوور.
ئه‌م قسانه‌ی پۆ‌مپێیۆ دوای ئه‌وه هاتوون، به‌ر له دوو رۆژ ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا ناوی سوپای پاسدارانی ئێرانی خسته لیستی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی كاردانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی به‌دوای خۆیدا هێنا و بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران هه‌ڵوێستی هاوشێوه نیشان بدات و بڕیار بدات، فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی هێزه چه‌كداره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاسیا بخاته لیستی گروپه تیرۆریستییه‌كانییه‌وه.
ئه‌مڕۆش حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران دووپاتی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا جگە لە قسە بەکردار یەك ھەنگاو به‌و ئاراسته‌یه‌وه بنێت، خۆیان تووشی بەڵایەکی گەورە دەکەن.
H.B