"ھەر كەسێك بۆچوونەكانی نەوشیروان مستەفا بۆ مەرامی خۆی بەكاربهێنێت سزا دەدرێت"

گۆڕان ئەو جۆرە كارانە بە ساختە و بوختان ده‌زانێت

K24 - سلێمانی

بزووتنەوەی گۆران رایدەگەیەنێت، ھەندێك كەس بە مەبەست قسە و بۆچوونەكانی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری كۆچكردووی گۆڕان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ مەرامی خۆیان بڵاو دەكەنەوە، لەمەودوا ھەر كەسێك ئەوە بكات، سزای دەدەن.

خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێ: "لەدوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان، ژمارەیەک هەڵسوڕاوی گۆڕان لە پلەی رێکخراوەیی جیا جیا، هەندێكیش لەوانەی خۆیان بە گۆڕان دەزانن، بۆ پاڵپشتیی لە راوبۆچوون و نووسین و قسەکانی خۆیاندا، لە کەناڵەکانی راگەیاندنی حیزبی و ئەهلی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، قسەی نافەرمیی کاک نەوشیروان دەهێننەوە و دەیکەن بە بەڵگە. بزووتنەوەی گۆڕان ئەو شێوازە لە کاری راگەیاندن، بە جۆرێک لە ساختە و بوختان و گەندەڵی دەزانێ، بۆیە بە توندی ئیدانەی دەکات و گۆڕان تەنیا و تەنیا نووسین و چاوپێکەوتنە فەرمییەکانی کاک نەوشیروان بە سەرچاوە دەزانێ، کە ئێستا لیژنەیەکی تایبەتی هەیە، بۆ کۆکردنەوە و رێکخستن و ئەرشیفکردنیان، جگە لەوە، گۆڕان لێپرسینەوە لەگەڵ هەر کەسێک ده‌كات، كه‌ قسەی نافەرمی کاک نەوشیروان بکات بە سەرچاوە بۆ مەرامی خۆی".

ھ.م