سەركردەیەكی باڵای داعش لە چیای حەمرین كوژرا

چەندین كردەوەی توندڕەوی ئەنجامداوە

K24 - ھەولێر

سەركردەیەكی داعش لە چیای حەمرین كوژرا، كە پێشتر لەناو داعش ئەمیری ئاسایشی گشتی بووە لە دیالە و چەندین كردەوەی توندڕەوی لە ناوچە كوردستانییەكان و عێراق ئەنجامداوە.

دەزگای دژە تیرۆری عێراق بڵاوی كردەوە، ئۆپەراسیۆنێكیان لە چیای حەمرینی نێوان پارێزگای دیالە و كەركووك ئەنجامداوە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا سەركردەیەكی باڵای داعش بە ناوی ئەبو ئیدریس كوژرا.

 ئاماژە بەوەشكراوە ناوی راستەقینەی ئەو سەركردەیە، نیھاد ئەحمەد عەبدولسەلام كروییە و خەڵكی عێراقە، پۆستەكەی لەنێو رێكخراوەكە بریتی بووە لە ئەمیری ئاسایشی گشتی و لە ویلایەتی دیالەی رێكخراوەكە كاری كردووە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی دژە تیرۆری عێراق، ئەو سەركردەیەی داعش لەكاتی پیلاندانان بۆ كردەوەی تیرۆریستی لەنێوان كەركووك و دیالە كوژراوە و پێشتریش چەندین كردەوەی تیرۆریستی لە خانەقین و جەلەولا و قەرەتەپە و ناوەندی پارێزگای دیالە ئەنجامداون. ھەروەھا بەرپرسی رفاندنی چەندین ھاووڵاتی بووە لەسەر رێگەی بەغدا- كەركووك و چەندین جار ھێرشی كردووەتە سەر حەشدی ھۆزەكان و پۆلیسی فیدڕاڵی.

ھ.م