پارتی گەڕانەوە بۆ بارەگەکانی لە دیالە بەبێ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە رەت دەکاتەوە

"حەشدی شەعبی رێگا بە یەکێتی نادات بارەگاکەی لە قەرەتەپە بکاتەوە"

K24 – هه‌ولێر:

لەدوای روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، چەندین بارەگای حزبە کوردستانیەکان لە سنووری خانەقین لەلایەن حەشدی شەعبیەوە دەستی بەسەردا گیراوە و کراون بەبارەگای چەکدارانی حەشدی شەعبی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی پارێزگای دیالە و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالەش ڕەزامەندیان نیشانداوە حزبە کوردییەکان بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانە.

پارتی گەڕانەوە بەبێ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە رەتدەکاتەوە و حەشدی شەعبیش رێگا نادات یەکێتی بارەگاکەی لە قەرەتەپە بکاتەوە.

شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو هێزانەی هاتوونەتە ناوچەکە بەشێکی زۆریان میلیشیان و کاریان پاراستن نییە. سوپا و پۆلیسی فیدراڵیش هیچ دەسەڵاتێکی بەسەریاندا نییە".

راشیگەیاند: "تا دۆخەکە ئاسایی نەکرێتەوە، پارتی ناگەڕێتەوە ناوچەکە".

لای خۆیەوە، جمور رۆستەم، فەرماندەی فەوجی3ی پێشمەرگە دەڵێت: "کاری ئەو هێزانە بە عەرەبکردنی ناوچە کوردییەکانە".

دەشڵێت: "لەو ناوچانە شەوان داعش حکووم دەکات و تەنها بە رۆژ هێزە عێراقییەکان بوونیان هەیە".

لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان دەستیانگرت بەسەر ناوچەکانی خانەقین، دوز و مەندەلی چەندین ناوچەی دیکەی پارێزگای دیالە، لە یەکەم رۆژیشەوە دژایەتیکردنی کوردنشینانی ئەو ناوچانە دەستپێکردووە.

‌H.J