منداڵه بێ ناسنامه‌كان بۆمبه ته‌وقیتكراوه‌كه‌ی به‌رده‌م عێراقن
"قه‌یرانێكی دیكه چاوه‌ڕوانی عێراق ده‌كات"

K24 - هه‌ولێر:
له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی داعش له عێراق، كه نزیكه‌ی 3 ساڵی پتر خایاند، نزیكه‌ی 45 هه‌زار منداڵ له‌دایكبوونه، به‌ڵام ئێستا ئه‌وانه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه وه‌كوو هاووڵاتی نه‌ناسێنراون و ناسنامه‌یان پێ نادرێت.
رۆژنامه‌ی "شه‌رقولئه‌وسه‌ت" بڵاوی كردووه‌ته‌وه، له ماوه‌ی حوكمڕانی داعش له نه‌ینه‌وا و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی عێراقدا، 45 هه‌زار منداڵ له دایكبوونه، به‌ڵام ئه‌و منداڵانه هێشتا ناسنامه‌یان نییه.
رۆژنامه‌كه له راپۆرته‌كه‌یدا روونی ده‌كاته‌وه، به‌شێك له‌و منداڵانه باوكیان چه‌كداری داعش بوونه، هه‌ندێكشیان له كاتی هه‌ڵاتنیان له ژێر ده‌ستی داعش، به‌ڵگه‌نامه‌كانیان ون كردووه، به‌شێكیشیان له بنه‌ڕه‌ته‌وه له حكوومه‌تی عێراقی به فه‌رمی تۆمار نه‌كراون و هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كیان نییه.
جان ئیگلاند، سكرتێری گشتیی ئه‌نجومه‌نی نه‌رویجی بۆ په‌نابه‌ران ده‌ڵێت: "به هۆی ئه‌و منداڵانه‌وه، كه هێشتا له لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقییه‌وه به فه‌رمای نه‌ناسێندراون، ئێمه رووبه‌ڕووی بۆمبێكی ته‌وقیتكراوی مرۆیی ده‌بینه‌وه".
ئیگلاند روونیشی ده‌كاته‌وه، پێدانی ناسنامه و وڵاتینامه به‌و منداڵانه، ده‌بێته هۆی ده‌سته‌به‌ری چاودێریی ته‌ندروستی و داهاتووی خۆیان و وڵات مسۆگه‌ر ده‌بێت.
به گوێره‌ی راپۆرته‌كان، پێده‌چێت ئه‌و ژماره‌یه زیاتر هه‌ڵكشێت، به‌تایبه‌تیش دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی نزیكه‌ی 30 هه‌زار عێراقی دیكه له سووریا، كه به‌شێكیان كه‌سوكار و هاوسه‌ر و منداڵی كه‌سانێكن، كه له‌گه‌ڵ رێكخراوی داعش تێوه گلاون، یان چه‌كداری رێكخراوه‌كه بوونه.
ئ. م