سلێمانی.. لەسەر كوشتنی كچێك 4 كەس دەستگیر كران
پۆلیس: ئەو كچە بە پەت خنكێنراوە
K24 - سلێمانی
بە تۆمەتی خنكاندنی كچێكی تەمەن 24 ساڵ، لە سلێمانی چوار كەس دەستگیر كران.
لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد: "رۆژی 4/4/2019، لەسەر رێگای چەمچەماڵ - تەكیە تەرمی كچێك دۆزرایەوە. دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان، كەشف و هێڵكاریی بۆ شوێنی رووداوەكە كرا و تەرمی (ك ، ح ، ق ) تەمەن 24 ساڵ، رەگەز مێ، بۆ پزیشكی دادوەری لە شاری سلێمانی گواسترایەوە و دەركەوت، كە كوژراوەكە بە پەت خنكێندراوە و كراوەتە ناو تورەكەیەكەوە و لەسەر رێگای چەمچەماڵ – تەكیە فڕێ دراوە".
پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "هێزەكانی بنكەی پۆلیسی تەكیە بە سەرپەرشتیی بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ لێكۆڵینەوەكانیان دەست پێ كرد و توانرا رۆژی 4/4/2019، تۆمەتبار (ڕ ، ع ، م ) دەستگیر بكرێت و رۆژی 8/4/2019، تۆمەتبار (ح ، ق،ح ) دەستگیر بكرێت و شەش رۆژ دوای ئەوه، هەریەكە لە (ه ، ح ، ق - ه ،ح ،ق ) دەستگیر بكرێن و سەرجەمیان بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون. هەروەها فەرمانی دەستگیركردنیش بۆ باوكی كوژراوەكە دەرچووە، بەڵام تا ئێستا دەستگیر نەكراوە و هێزەكانی پۆلیس لە هەوڵی دەستگیركردنی دان".
ئەوەش خراوەتەروو: "ئێستا لەلایەن بنكەی پۆلیسی تەكیە لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن".
ھ.م