باشترینەکانی مانگی رابردووی خولی نایابی کوردستان دەستنیشانکران
سەمیر بابۆ و سەفین مەنسوور بۆ دووەمجار لەم وەرزە بە باشترین دەستنیشانکران
باشترینەکانی مانگی رابردووی خولی نایابی کوردستان دەستنیشانکران کە مانگانە کوردستان24 دەستنیشانیان دەکات، تیایدا سەرمی بابۆ بە باشترین راهێنەر و سەفین مەنسوور بە باشترین راهێنەر و یاریزانی مانگی نیسان هەڵبژێردران و گۆڵی دڵۆڤان ساڵحیش بەرامبەر شێروانە خەڵاتی جوانترین گۆڵی بەدەستهێنا.
سەمیر بابۆ دوای ئەوەی بۆ دووەمجار نازناوی خولی نایابی کوردستانی مسۆگەرکرد، بۆ دووەمجاریش لەم وەرزە خەڵاتی باشترین راهێنەری مانگانەی خولی نایابی کوردستانی بەدەستهێنا، کە مانگانە کوردستان24 باشترینەکانی خولەکە دەستنیشان دەکات.
دوای ئەوەی سەمیر بابۆ خەڵاتی باشترین راهێنەری مانگی یەنایەری ئەمساڵی بەدەستهێنا، ئەمجارەیان بە باشترین راهێنەری مانگی ئەپرێلیش دەستنیشانکرا، کە لەو مانگەدا سەمیر بابۆ لە زاخۆ، ئارارات، پێشمەرگەی سلێمانی بردەوە و لەگەڵ ئاکرێ و هەندرێنیش یەکسان بوو، بەبێ ئەوەی تووشی هیچ دۆڕانێک بێت لە پێنج یاری 11 خاڵی بۆ یانەکەی بەدەستهێنا و نازناوی خولەکەیان یەکلاکردەوە. راهێنەری پێشمەرگەی هەولێر
سەفین مەنسووری هێرشبەری برایەتیش دوای ئەوەی لە مانگی نۆڤێمبەری ساڵی رابردوو خەڵاتی باشترین یاریزانی بەدەستهێنا، لە مانگی ئەپرێل بۆ دووەمجار لەم وەرزە خەڵاتی باشترین یاریزانی خولەکەی بەدەستهێنا.
سەفین مەنسوور مانگی رابردوو لە کۆی پێنج یاری چوار گۆڵی تۆمارکرد، بەرامبەر هەولێر و زێرەڤانی بە گۆڵێک سەرکردایەتی سەرکەوتنی یانەکەی کرد و بەرامبەر ئاکرێش لە دوایین یاریی دووانەی کرد و رۆلێکی کاریگەریی هەبوو لە مانەوەی برایەتی لە ریزی یانە نایابەکان.
دڵۆڤان ساڵحی یاریزانی زاخۆش بە تۆمارکردنی ئەم گۆڵەی لە دژی یانەی شێروانە خەڵاتی جوانترین گۆڵی مانگی نیسانی بەدەستهێنا، لە کۆی ئەو 73 گۆڵەی لەو پێنجە گەڕەی مانگی نیسان تۆمارکران، گۆڵەکەی دڵۆڤان ساڵح سەرنجڕاکێشترین گۆڵ بوو، بە جوانترین گۆڵی خولی نایاب دەستنیشانکرا و ئەم گۆڵە دەبێتە یادەوەرییەکی شیرین و خۆش لە هزری یاریزانەکەی زاخۆ بۆ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە.