کاتی واژۆکردنی رێککەوتننامەی نێوان پارتی و یەکێتی ئاشکراکرا

شاندێکی پارتی دەچێتە سلێمانی

K24 – هه‌ولێر:

سبەی یەکشەممە 05/05/2019، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەچێتە سلێمانی و رێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتی واژۆ دەکات.

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە K24ی راگەیاند: "سبەی  شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکات".

راشیگەیاند: "لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت دوایین رێککەوتن واژۆ دەکەن".

مستەفا چاوڕەش ئاماژەی بەوەشدا، شاندەکەی پارتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش کۆدەبێتەوە.

نزیکەی حەوت مانگە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییان هاتووە و هێشتا کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێنراوە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوو، بەرپرسانی باڵای لایەنە سیاسییەکان گەشبینانە باسیان لە رێککەوتنی پارتی، یەکێتی و گۆڕان بۆ پێکهێنانی حکوومەت کردووە.

‌H.J