چه‌ند ئامۆژگارییه‌ك بۆ رۆژووگران له مانگی ره‌مه‌زان
بۆ ته‌ندرووستییه‌كی باش له‌و مانگه‌دا ئه‌م خاڵانه ره‌چاو بكه
K24 - هه‌ولێر:
موسڵمانان له پیرۆزترین مانگی ساڵ به گوێره‌ی ساڵنامه‌ی خۆیان نزیك ده‌بنه‌وه، كه تێیدا بۆ ماوه‌ی مانگێك به رۆژوو ده‌بن، به مه‌به‌ستی پاراستنی ته‌ندرووستیش له ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا، پزیشكان و پسپۆڕان چه‌ند خاڵێك وه‌كو ئامۆژگاری ده‌خه‌نه‌ڕوو، كه پێویسته ره‌چاو بكرێن.
- له كاتی ده‌رچوونت به رۆژ، خۆت له تیشكی هه‌تاو بپارێزه و با جله‌كانت لۆكه و سپی بن، یان ره‌نگیان كراوه بێت.
- خۆشووشتن به ئاوی سارد له بری ئاوی گه‌رم.
- له كاتی به‌ربانگ و رۆژوو شكاندن، پێویسته به شله‌یه‌كی نیمچه گه‌رم بێت، هه‌رگیز نه‌كه‌ی به ئاوی زۆر سارد یان خواردنه‌وه گازییه‌كان رۆژوو بكشێنی.
- هه‌وڵ بده له ماوه‌ی نێوان بانگی مه‌غریب تا بانگی پارشێو، سێ لیتر ئاو بخۆیه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگی ئاوی له‌ش بپارێزی.
- هه‌وڵ بده كه‌مترین بڕی ترشیات بخۆی له كاتی به‌ربانگ، چونكه مه‌ترسی له‌سه‌ر پێست و قژ هه‌یه، له بری ترشیات با زه‌لاته‌ی سه‌وزه جێگره‌وه‌ی بێت.
- له شه‌ودا و دوای به‌ربانگ، كه‌مترین رێژه شیرینی بخۆ، چونكه زیانی بۆ پێست هه‌یه، له به‌رامبه‌ردا میوه بخۆ، وه‌كو شووتی، كه هه‌م شیرینی پێویستی تێدایه و هه‌میش رێژه‌ی ئاوی زۆره و هاوسه‌نگی ئاو و شه‌كری له‌ش راده‌گرێت.
پزیشكان ئامۆژگاری هه‌ندێك له نه‌خۆشه‌كان ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشی درێژخایه‌نی وه‌كو شه‌كره و فشاری خوێنیان هه‌یه به رۆژوو نه‌بن، باشتریشه به‌ر له ره‌مه‌زان بۆ وه‌رگرتنی رێنمایی تایبه‌ت، سه‌ردانی پزیشكی تایبه‌تی خۆیان بكه‌ن.
هه‌رچی ژنانی دوو گیانن له‌و مانگه، پێویسته رێنمایی تایبه‌ت له پزیشكی تایبه‌ت به‌خۆیان وه‌ربگرن و رێنماییه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن.
سه‌رچاوه: huffpost
ئ. م