سەرۆک بارزانی: زوڵمێکی ئاشکرا لە جووتیاران دەکرێت

سەرۆک بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی جووتیاران کۆبووە و پاڵپشتی خۆی بۆ دەربڕین

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ نوێنەری جووتیارانی هەرێمی کوردستان کۆبووە و پاڵپشتی خۆی بۆ داواکارییەکانیان دەربڕی و نەدانی شایستە داراییەکانی بە زوڵمێکی ئاشکرا وەسفکرد.

لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان باسی گرفت و كێشەكانیان كرد؛ هەروەها، بابەتی پێنەدانی پارە و شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی بەغداوە لەگەڵ سەرۆك بارزانی تاوتوێ كرد.

داوایان لە سەرۆك بارزانی كرد هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشەیە بدات، هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانییان كرد كە بەدەنگ داواكاریی ئەوان و خەڵكی بەشخوراو هاتووە.

هەر لەو كۆبوونەویەدا سەرۆك بارزانی جەختی لە بایەخ و گرنگیی جووتیاران لە ژیانی ئابووریی كوردستان كردەوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە لە قۆناغی شۆڕشی ئەیلوولدا جووتیاران رۆڵی گەورەیان لە پشتیوانیكردنی شۆڕش هەبووە و سەرچاوەیەكی بەردەوامی شۆڕشی ئەیلوول و پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە بوون.

سەرۆك بارزانی رۆشنایی خستە سەر گرنگیی كەرتی كشتوكاڵ و بە پێویستی زانی كەرتی كشتوكاڵ ببووژێتەوە و ببێتە كۆڵەگەیەكی سەرەكیی ئابووریی كوردستان.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ داوكارییەكانی جووتیارانی كوردستان راگەیاند و ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە ئەوەی دەرهەق بە جووتیارانی كوردستان كراوە زوڵمێكی ئاشكرایە و هەموو هەوڵەكانیشی دەخاتە گەڕ بۆ گەڕاندنەوەی ماف و پارەی جووتیارانی كوردستان كە لای حكوومەتی عێراق ماوەتەوە.

‌H.J