كچان روو دەكەنە جانتا كولتوورییەكان
"حەزم لە جاجمە و لەگەڵی ئاسوودەم"
K24 - سلێمانی
ساڵ بە ساڵ خواستی کچان و کوڕان لەسەر بەکارھێنانی جانتا کولتوورییەکان زیاتردەبێت، بەتایبەتی لە وەرزەكانی بەھار و ھاوین ھاووڵاتیان زیاتر روودەکەنەوە ئەو کەرەستانەی مۆرکی کورداواریان پێوە دیارەو کاری دەستین.
یەكێك لە بازاڕەكانی سلێمانی كە بە بازاڕی "حەوزە وشکەکەی" ناسراوە، زیاتر ئەو كەرەستانەی تێدا دەفرۆشرێت كە کولتوورین، وەک بەڕەو جاجم و مافوور و چەندین کەرەستەی دیكە. مێژووی بەشێکی زۆری کەرەستەکان بۆ زیاتر لە 50 ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە، خاوەنی یەکێک لەو دوکانانەی کەرەستەی کۆنی تێدا دەفرۆشرێت باس لەوەدەکات، چەند ساڵێکە گەنجان روویان لە بەکارھێنانەوەی ئەو جانتایانە کردووە کە کولتوورین.
لانە محهمەد، لەو بازاڕەی شاری سلێمانی سەرقاڵی كڕینی جانتایە و دەڵێ: "چەند ساڵێكە جانتای چەرم بەكاردەھێنم، ئێستا لێی بێزاربوومە و مۆدێلەكان دووبارە دەبنەوە، وەك حەزێك دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ بەكارھێنانی ستایلی كۆن بەتایبەتی جاجم زۆریش لەگەڵی ئاسوودەم".
ھ.م