هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران ئه‌وڕوپای هێنایه ده‌نگ
پێش هه‌موویان فه‌ڕه‌نسا قسه‌ی كرد
K24- هه‌ولێر:
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له سه‌رۆكایه‌تیی فه‌ڕه‌نسا دووپاتیان كرده‌وه، ئه‌گه‌ر ئێران له‌و رێككه‌وتنه بكشێته‌وه، كه له ساڵی 2015 له‌گه‌ڵ گرووپی وڵاتانی 5+1 واژۆی كردووه، وڵاتانی ئه‌وڕوپا سزاكانیان بۆ سه‌ر ئێران ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی فه‌ڕه‌نسی، كه ئاماژه به ناوه‌كانیان نه‌كراوه، به ئاژانسی هه‌واڵده‌ری رۆیته‌رزیان راگه‌یاندووه: "ئێمه نامانه‌وێت سبه‌ی تاران بڕیاری خۆی بۆ كشانه‌وه له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی رابگه‌یه‌نێت، چونكه ئه‌و كات ئێمه و ته‌واوی وڵاتانی ئه‌وڕوپاش ناچار ده‌بین به گوێره‌ی مه‌رجه‌كانی ناو رێككه‌وتنه‌كه، سزاكانی سه‌ر ئێران بگه‌ڕێنینه‌وه".
ئه‌و به‌رپرسانه ئاماژه‌یان به‌وه‌ش داوه، "به‌و هه‌نگاوه ئێران ده‌كه‌وێته به‌رده‌م وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی به كۆمه‌ڵی ئه‌وڕوپا، به‌ڵام تائێستا نه‌زانراوه وه‌ڵامه‌كه چی ده‌بێت، ئه‌مه‌ش ده‌وه‌ستێته سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی كه چاوه‌ڕێ ده‌كرێت تاران سبه‌ی رایبگه‌یه‌نێت"، دووپاتیشیان كردووه‌ته‌وه، "وڵاتانی ئه‌وڕوپا ئاماده‌كاریی بۆ ته‌واوی سیناریۆكان ده‌كه‌ن".
له لایه‌كی دیكه‌وه به‌رپرسێكی دیكه‌ی فه‌ڕه‌نسا گوتی: "وڵاتانی ئه‌وڕوپا نایانه‌وێت دۆخه‌كه به‌و ئاسته بگات، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت ئێران پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی بێت، ئه‌مه‌ش كرۆكی ئه‌و په‌یامه‌یه كه وڵاتانی ئه‌وڕوپا ئاراسته‌ی هه‌ریه‌ك له تاران و واشنتنیان كردووه".
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هاتووه، هه‌ر ئه‌مشه‌و ئاژانسی هه‌واڵی "ئێرنا"ـی فه‌رمیی ئێرانی بڵاوی كرده‌وه، سبه‌ی تاران له به‌شێك له پابه‌ندبوونه‌كانی به‌و رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه، كه له ساڵی 2015 له‌گه‌ڵ وڵاتانی گرووپی 5+1 واژۆی كردبوو.
به گوێره‌ی ئه‌و ئاژانسه ئێرانییه، سبه‌ی عه‌باس عێراقچی، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا ئه‌و بڕیاره‌ی وڵاته‌كه‌ی به باڵیۆزانی هه‌ریه‌ك له به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا، رووسیا، چین و ئه‌ڵمانیا راده‌گه‌یه‌نێت.
وه‌ك ئه‌و ئاژانسه ئاماژه‌ی پێ داوه، له لایه‌كی دیكه‌وه حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران نامه‌ی جیاواز بۆ سه‌ركرده‌كانی هه‌ر یه‌ك له‌و پێنج وڵاته ده‌نێرێت و پێیان راده‌گه‌یه‌نێت: "به هۆی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و پابه‌ند نه‌بوونی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی رێككه‌وتنه‌كه به به‌ڵێنه‌كانیان، ئێران هیچ بژارده‌یه‌كی له‌به‌رده‌م نه‌ماوه، ته‌نیا كشانه‌وه نه‌بێت له به‌شێك له پابه‌ندبوونه‌كانی به‌و رێككه‌وتنه".
هه‌روه‌ك ئاژانسه ئێرانییه‌كه نووسیویه‌تی، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفیش نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی فێدریكا مۆگرینی، كۆمسیاری باڵای ئاسایش و كاروباری ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وڕوپا ده‌كات و تێیدا ورده‌كاریی كشانه‌وه‌ی تاران له رێككه‌وتنه‌كه ده‌خاته روو.
ئاژانسی ئێرنا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه، پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ئێران له به‌شێك له پابهندبوونهكان، هه‌نگاوی یه‌كه‌می تارانه، كه وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ كشانه‌وه‌ی واشنتن له رێككه‌وتنه‌كه و پابه‌ندنه‌بوونی وڵاتانی ئه‌وڕوپا به به‌ڵێنه‌كانیان ده‌نێت.
هه‌روه‌ها جه‌خت كراوه‌ته‌وه، هه‌ر كاتێك له ماوه‌ی 2 مانگدا ئه‌و 5 وڵاته ده‌ستیان به رێككاری پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه كرد، ئه‌وا ئێرانیش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پابه‌ندبوونی ته‌واو به به‌نده‌كانی رێككه‌وتنه‌كه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی دیاریكراودا هیچ هه‌نگاوێك له‌و 5 وڵاته تێبینی نه‌كرا، ئه‌وا تاران ده‌ست به "هه‌نگاوی دووه‌م" ده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ زانیاریێك له‌باره‌ی هه‌نگاوی دواتر ئاشكرا بكات.
به‌ر له ساڵێك، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌و رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه راگه‌یاند، كه له ساڵی 2015 له سه‌رده‌می باراك ئۆبامای سه‌رۆكی پێشووی وڵاته‌كه‌ی له نێوان ئێران و وڵاتانی گرووپی 5+1 واژۆ كرا و به گوێره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه، پێویست بوو به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌رداربوونی تاران له پرۆگرامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی، سزا ئابوورییه‌كانی سه‌ر ئێران هه‌ڵبگیرێن.
H.B