ئێران: ئەمەریکا هەمان ساختەکاری جەنگی عێراق دژ بە ئێران بەکاردەهێنێت

ترەمپ: زانیاری ترسناکمان لایە

K24 – هه‌ولێر:

نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەمەریکا هەمان هۆکاری ساختەی هێرشکردنە سەر عێراق دژی ئێران بەکار دەهێنێت.

تا دێت ئەمەریکا زیاتر تۆپهاوێژ و فڕۆکە و مووشەکە پێشکەوتووەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو کۆ دەکاتەوە و ئامادەیی خۆی بۆ هەر هەڕەشەیەکی ئێران دەردەبڕێت.

واشنتن هۆکاری کۆکردنەوەی هێزەکانی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، ئێران نیازی هەیە هێرشبکاتە سەر سوپای ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تۆمەتێک، ئێران رەتیدەکاتەوە.

مەجید تەخت روانچی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تەلەڤزیۆنی NBCی رایگەیاندووە: "ئەو تۆمەتانە لە لایەن هەمان کەسانەوە دروست دەکرێن کە عێراقیان داگیر کرد".

راشیگەیاندووە: "ئێمە ئەو تۆمەتانە قبووڵ ناکەین و هەموو ئەمانەش زانیاری هەواڵگیری ساختەن".

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی تەواو جیاواز قسەی کرد و گووتی: "ئێمە زانیاریمان هەیە کە ئێوەش ناتانەوێت هیچیان لەسەر بزانن. زانیارییەکان زۆر هەڕەشە ئامێزن و دەبێت ئاسایشێکی زۆر بەهێزمان بۆ ئەم وڵاتە و شوێنەکانی دیکە هەبێت".

لە ئێستادا دوو جۆر لێکدانەوە هەیە، هەندێک پێیان وایە ئەمەریکا تەنها دەیەوێت فشار لە ئێران بکات و گوێڕایەڵی خۆی بکات، هەندێکی دیکەش پێیان وایە، ئامادەکاریی بۆ جەنگ بە مانای جەنگ دێت، درەنگ یان زوو، رووبەڕووبوونەوە لە نێوان ئەمەریکا و ئێران دروست دەبێت.

 Sputnik

H.J