حه‌شدی شه‌عبی له رۆژئاوای نه‌ینه‌وا ده‌كشێته‌وه
داعش پلان بۆ داگیركردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌ك داده‌ڕێژێ
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 12/5/2019، به‌رپرسانی عێراقی له به‌غدا رایانگه‌یاند: "پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی له ناوچه‌كانی رۆژئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وا نزیك له سنووره‌كانی سووریا، له شه‌وی رابردووه‌وه به كرده‌یی ده‌ستیپێكردووه و سوپا و پۆلیسی عێراق شوێنیان ده‌گرنه‌وه".
به‌هۆی ئه‌وه‌ی له رابردوودا دانیشتوانی ئه‌و ناوچه سوننه‌نشینانه مه‌ترسییان له گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی شیعی هه‌بووه و پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر كراوه، ئه‌م هه‌نگاوه به سه‌قامگیریی بۆ ناوچه تازه رزگاركراوه‌كان ده‌بینن.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌فسه‌رێكی پله‌باڵای عێراقی كه قسه‌ی بۆ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی رۆژنامه‌ی "العربي الجديد" كردووه ده‌ڵێت: "له شوێنی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی، یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی سوپای عێراق له ناوچه‌كه بڵاوده‌بنه‌وه و ده‌بنه به‌رپرسی یه‌كه‌می دۆسێی ئه‌منی ناوچه‌كانی رۆژئاوای نه‌ینه‌وا كه له حه‌زه‌ره‌وه ده‌ستپێده‌كات و تا سنووره‌كانی سووریا درێژده‌بێته‌وه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئه‌و جوڵه سه‌ربازییه له چوارچێوه‌ی پلانێكی نوێی كۆنترۆڵكردنی ئه‌و ناوچانه‌دایه كه بۆشایی ئه‌منییان تێدایه. چونكه زانیاریی هه‌واڵگریی هه‌یه بووه‌ته هۆی ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره سه‌ربازییه و په‌یوه‌سته ئاماده‌كاریی و جوڵه‌ی پاشماوه‌كانی داعش و هه‌وڵی هێرشكردنه سه‌ر ناوچه‌كانی (ته‌لعه‌بته، به‌عاج، حه‌زه‌ر و قه‌یره‌وان)، زانیاریی ئه‌وه به‌رده‌سته كه داعش ده‌یه‌وێت ئه‌و ناوچانه داگیر بكات بۆ ئه‌وه‌ی رێگا خۆشبكه‌ن په‌لاماری ناوچه‌كانی دیكه‌ی مووسڵ بده‌ن".