دەیڤد پێترێیەس بۆچوونی خۆی لەبارەی جەنگی ئەمەریکا و ئێران دەخاتەڕوو
ئەو فەرماندەیەی جەنگی عێراق لە چی نیگەرانە؟
K24 – ههولێر:
دەیڤد پێترێیەس، فەرماندەی پێشووی سوپای ئەمەریکا و بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگیری CIAی ئەمەریکی لەبارەی جەنگی ئەمەریکا و ئێران بۆچوونی خۆی دەخاتە ڕوو.
پەترەیەس یەکێک بوو لە فەرماندە چالاکەکانی سوپای ئەمەریکا لە ساڵی 2003، کاتێک ئەمەریکا هێرشیکردە سەر عێراق و رژێمی سەددام حوسێنی لەناو برد.
لە دیمانەیەکی لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، پێترێیەس پرسیاری ئەوەی لێکرا، بۆچوونی چییە لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران و ئایا جەنگ روو دەدات؟ لە وەڵامدا ئەو فەرماندە خانەنشینکراوە گووتی: "من نیگەران نیم لەو جەنگە، بەڵام ئەگەر ئێران بیەوێت جەنگ هەڵبگیرسێنێت، ئەوە خۆکوژییە بۆ ئێران، خۆشیان باش ئەمە دەزانن".
دەشڵێت: "ئێمە سوپایەکی زەبەلاحمان هەیە و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەتوانین سەربازێکی زۆر زیاتر لە ناوچەکە بڵاوبکەینەوە".
پێترێیەس نایشارێتەوە کە ئەوەی ئەو نیگەران دەکات ئەو میلیشیا و گروپە چەکدارانەیە کە ئێران پڕچەکی کردوون، چونکە ئەگەر ئەو هێزانە دەست بە جەنگ بکەن، دۆخەکە لەدەست دەردەچێت.
H.J