ئیستانبۆل.. پێده‌چێت ئه‌مجاره‌ش ئاكه‌په به‌رامبه‌ر جه‌هه‌په بدۆڕێت
كاندیدی حزبی چه‌پی ئۆپۆزسیۆنی توركیا كشانه‌وه‌ی خۆی له هه‌ڵبژاردنی ئیستانبوڵ راگه‌یاند
K24- هه‌ولێر:
كاندیدی پارتیی چه‌پی دیموكراتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا "ده‌سه‌په"، كشانه‌وه‌ی خۆی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌وانیی ئیستانبوڵ راگه‌یاند، كه بڕیاره مانگی داهاتوو دووباره بكرێته‌وه، به‌مه‌ش به گوێره‌ی پێشبینییه‌كان، چانسێكی زیاتر بۆ ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغلۆ، كاندیدی پارتیی گه‌لی كۆماریی "جه‌هه‌په" ده‌ڕه‌خسێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌ش به‌رامبه‌ر به بیناڵی یڵدرم، كاندیدی حزبه‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان "ئاكپارتی" سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت.
موعه‌مه‌ر ئایدن، كاندیدی "ده‌سه‌په" له تویتێكدا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر رایگه‌یاند، "ئه‌مڕۆ وه‌ك كاندیدی پارتیی چه‌پی دیموكراتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، له ركابهرییهكهم بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی ئیستانبوڵ كشامه‌وه".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ته‌له‌فزیۆنی "ئێن تی ڤی" له حزبی "ده‌سه‌په"ـی گواسته‌وه، هیچ كه‌سێكی دیكه وه‌ك جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ موعه‌مه‌ر ئایدن بۆ ئه‌و پۆسته كاندید ناكه‌ن.
له‌كاتێكدا له هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی توركیا، كه له 31 مارس به‌ڕێوه چوون و دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان، كه ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغلۆ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا و دواتر كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن، پاش هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه پووچهڵكراوهكانیش، له‌سه‌ر داوای پارته‌كه‌ی ئه‌ردوغان "ئاكپارتی" بڕیاری دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی له شاری ئیستانبوڵ دا، موعه‌مه‌ر ئایدن زیاتر له 30 هه‌زار ده‌نگی له‌و شاره به‌ده‌ست هێنا بوو، بۆیه پێشبینی ده‌كرێت ئه‌و ده‌نگانه له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا بۆ ئیمام ئۆغلۆ "كاندیدی جه‌هه‌په" بچن و جارێكی دیكه‌ش حزبه‌كه‌ی ئه‌ردوغان له‌و شاره بدۆڕێت.
هه‌رچه‌ند هێشتا روون نییه، ئاخۆ ئه‌و ده‌نگانه‌ی ئایدن ده‌بنه یارمه‌تیده‌رێك بۆ سه‌ركه‌وتنی ئیمام ئۆغلۆ به‌رامبه‌ر بینالی یڵدرم، كاندیدی ئاكپارتی، یان نا، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له حزبه‌كانی ده‌سه‌په و جه‌هه‌په، له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌مای عه‌لمانیه‌ت دامه‌زراون و به گوێره‌ی ئاماژه‌كانیش، به هۆی تووڕه‌بوونی ئه‌و دوو حزبه له بڕیاری دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن، پێشبینییه‌كان بۆ سه‌رخستنی جه‌هه‌په له‌و پرۆسه‌یه‌دا به‌هێزن.
له هه‌ڵبژاردنی 31ی مارسی ئه‌مساڵ، دوای 25 ساڵ، بۆ یه‌كه‌م جار ئاكپارتی شاره‌وانیی ئیستانبوڵی به‌رامبه‌ر جه‌هه‌په دۆڕاند، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌ترین پارتیی سیاسیی كوردی له توركیا و باكووری كوردستان، پارتیی دیموكراتی گه‌لان "هه‌ده‌په" ده‌نگه‌كانیان به ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغلۆ، كاندیدی جه‌هه‌په دا و ناوبراو به‌سه‌ر ڕكابرهكهی، بیناڵی یڵدرم له حزبه‌كه‌ی ئه‌ردوغان، سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا.
دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر داواكاریی ئه‌ردوغان و حزبه‌كه‌ی، دووباره ده‌نگه پووچهڵكراوهكانی هه‌ژمار كرده‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش كاندیدی ئاكپارتی نه‌یتوانی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، بۆیه جارێكی دیكه هه‌ر له‌سه‌ر داواكاریی ئه‌ردوغان، كۆمسیۆن بڕیاری دا له 23ی مانگی داهاتوو ئه‌و پرۆسه‌یه له شاری ئیستانبوڵ دووباره بكرێته‌وه.
H.B