تره‌مپ: به‌م نزیكانه ئێران داوای دانوستان ده‌كات
هێرشی كرده سه‌ر رۆژنامه‌كانی واشنتن پۆست و نیویۆڕك تایمز
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ، ره‌تی كرده‌وه هیچ ناكۆكییه‌ك له ناو ئیداره‌كه‌ی سه‌باره‌ت به سیاسه‌ته‌كانی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌بێت.
تره‌مپ راشیگه‌یاند، ئێران نیازی خۆی بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ واشنتن ده‌رده‌بڕێت.
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له تویتێكدا، هێرشی كرده سه‌ر رۆژنامه‌كانی "واشنتن پۆست" و "نیویۆڕك تایمز" و هه‌ردووكیانی به بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی "درۆ" تۆمه‌تبار كرد.
تره‌مپ ئه‌وه‌شی نووسیوه: "هیچ ناكۆكی و ململانێیه‌ك له ناو ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا نییه. بۆچوونی جیاواز ده‌خرێنه‌ڕوو، به‌ڵام من بڕیاری كۆتایی ده‌ده‌م. ئه‌وه‌ش پرۆسه‌یه‌كی ئاسانه. بڕوام وایه به‌م نزیكانه ئێران دانوستانی ده‌وێت".
له میدیادا و به تایبه‌تی رۆژنامه‌كانی واشنتن پۆست و نیویۆڕك تایمز، باس له‌وه كرابوو، كه هه‌ریه‌ك له جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا و مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی تره‌مپ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناكۆكیان هه‌یه.