"هه‌وڵه‌كان بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له‌نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران به‌رده‌وامن"
رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی ورده‌كارییه‌كان ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "وۆڵ ستریت جۆناڵ"ی ئه‌مه‌ریكی، هه‌وڵی به‌رپرسانی ئه‌وڕوپی و عه‌ره‌ب بۆ نێوه‌ندگیریی ئه‌مه‌ریكا و ئێران ئاشكرا ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌نداو له گرژییه‌كان بپارێزن.
رۆژنامه‌كه له راپۆرته‌كه‌یدا، له زاری دیپلۆماتكاره رۆژئاواییه‌كان بڵاوی كردووه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای ناردنی 1500 سه‌رباز و كه‌لوپه‌لی زیاتر بۆ كه‌نداو و فرۆشتنی چه‌ك به بڕی ملیاران دۆلار به سعوودیه و ئیمارات بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی "هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران"، به‌ڵام واشنتن و تاران له هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی كه‌ناڵه دیپلۆماسییه تهقلیدییهكانهوه گفتوگۆ ده‌ست پێبكه‌نه‌وه.
رۆژنامه‌كه دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه، ئێران مه‌رجی هه‌یه بۆ دانوستان و به دیپلۆماتكاره ئهوڕوپییهكانی راگه‌یاندووه، سه‌ره‌تا ده‌بێت واشنتن سزاكانی سه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران كه‌م بكاته‌وه.
به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكیش پێیوایه ئازادكردنی ده‌ستگیركراوه‌كان، كه‌شێكی له بار دێنێته ئاراوه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و روونیشی ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر ئێران ده‌یه‌وێت كه‌شه‌كه بگۆڕێت، پێویسته ده‌ستگیركراوه‌كان ئازاد بكات.
له باره‌ی نێوه‌ندگیریی ئێستا، رۆژنامه‌كه ئاماژه به جۆن ویڵكس، باڵیۆزی به‌ریتانی له عێراق ده‌كات، كه وه‌كو "پردی" نێوان تاران و واشنتنه.
رۆژنامه‌كه له راپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ویڵكس كردووه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق، كه ئیره‌ج مه‌سجدی، باڵیۆزی ئێرانیش به‌شداریی تێدا كردووه.
ویڵكس له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاندووه، پێویسته رێگه‌یه‌ك بۆ دووركه‌وتنه‌وه له هه‌موو گرژییه‌كان بدۆزرێته‌وه و نابێت كه‌شی پڕ له گرژیی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوو به‌رده‌وام بێت.
ئه‌و رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه، ئاماژه به‌وه ده‌كات، عێراق گۆڕه‌پانی سه‌ره‌كی هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كانه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران، كه هه‌ردووكیان هاوپه‌یمانی گه‌وره‌ی به‌غدان، لای خۆیه‌وه عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقیش ئاشكرای كردووه، دوو شاندیان ره‌وانه‌ی واشنتن و تاران كردووه و په‌یامی هه‌ردوولایان وه‌رگرتووه.
له راپۆرتی رۆژنامه‌كه، ئاماژه به سه‌ردانێكی یوسف بن عه‌له‌وی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سه‌ڵته‌نه‌ی عه‌مان كراوه بۆ تاران، پێشتریش سوڵتان قابوس بن سه‌عید، په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام داوه.
وه‌ك رۆژنامه‌كه باسی كردووه، ئامانجی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه، ده‌ستپێكردنی دانوستان و گفتوگۆی نێوان واشنتن و تارانه.
دیپلۆماتكاره رۆژئاواییه‌كان، ئاماژه به رۆڵی باڵیۆزخانه‌كانی سویسرا ده‌كه‌ن له ریاز و تاران، كه هه‌وڵه‌كانیان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه و به تایبه‌تیش له نێوان ئێران و سعوودیه، ده‌ست پێكردووه.
واشنتنیش لای خۆیه‌وه ریازی له هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر ئێران ئاگادار كردووه‌ته‌وه، به‌و پێیه‌ی به‌رپرسانی سعوودیه دوای بۆردوومانكردنی بۆڕییه نه‌وتییه‌كان له‌لایه‌ن حووسییه‌كانه‌وه، هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێزیان ده‌كرد.
سه‌رچاوه: RT
ئ. م