ئێران ئه‌مه‌ریكا له ئه‌نجامی شه‌ڕ ئاگادار ده‌كاته‌وه
فه‌لاحه‌ت پیشه: ئه‌وه‌ی ئێستا ئه‌مه‌ریكا ده‌یكات شه‌ڕی ده‌روونییه
K24 - هه‌ولێر:
حیشمه‌توڵڵا فه‌لاحه‌ت پیشه، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له په‌رله‌مانی ئێران رایگه‌یاند: "له رێگای نێوهنگیرهكانهوه به ئه‌مه‌ریكییه‌كانمان گوتووه، هیچ لایه‌نێك له شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ ئێران سه‌ركه‌وتوو نابێت".
فه‌لاحه‌ت پیشه به میدیاكانی رووسیای گوتووه: "له رووی مه‌عنه‌وییه‌وه ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئاماده‌ی جه‌نگ نین و پێویست ناكات ئێران خۆی بخاته ته‌ڵه‌ی جه‌نگه‌وه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ته‌قینه‌وه‌كانی فوجیره و ئاماده‌سازییه سه‌ربازییه‌كانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له كه‌نداو، به‌شێكن له جه‌نگی ده‌روونی".
ماوه‌یه‌كه گرژییه‌كانی نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئێران، به‌تایبه‌تی دوای هاتنی هێز و كه‌شتیگه‌لیی جه‌نگی بۆ كه‌نداو زیادیكردووه، به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكاش له‌باره‌ی ئه‌و ئاماده‌باشییه‌ی هێزه‌كانیان ده‌ڵێن: "ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی جددییه له‌سه‌ر هێز و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی واشنتن له ناوچه‌كه".