ماکرۆن لەسەر لە سێدارەدانی داعشە فەرەنسییەکان هاتە دەنگ

سەرۆکی فەرەنسا داوای گۆڕینی سزای داعشە فەرەنسییەکان دەکات

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆکی فەرەنسا داوا لە عێراق دەکات هاووڵاتییە فەرەنسییە داعشییەکان لە سێدارە نەداو  و سزاکانیان بگۆڕێت.

ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئاندرێ راجولینا، سەرۆک کۆماری ماداگاسکار کە هەژماری کۆشکی ئیلیزێ لە توویتەر بڵاویکردووەتەوە، گوتی: "ئه‌وه‌ ئه‌ركی من نییه‌ باسی سیستمی دادوه‌ریی عێراق و  چۆنییەتی كاركردنیان بكه‌م، به‌ڵام وه‌كو زۆربه‌ی هاوپه‌یمانه‌كانمان ئێمه‌ش سزای له‌سێداره‌دانمان قه‌ده‌غەكردووه‌ و بێگومان داواش ده‌كه‌ین كه‌ هاووڵاتییه‌كانمان سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردان نه‌سه‌پێنرێت"

داواشیکرد: "سزاكانیان بۆ زیندانی هه‌تاهه‌تایی بگۆڕدرێت یانیش سزایه‌كی دیكه‌ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و یاسا گشتییه‌ی هه‌یه‌ و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ری رێككه‌وتوون بیانگرێتەوە".

لە سەرەتای ئەم مانگە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دانپێدانانی 12 چەکداری داعشی بڵاوکردەوە کە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتی فەرەنسان و سزای لە سێدارەدانی بۆ شەش کەسیان دەرکرد.

H.J