خامه‌نه‌ئی: دانوستان له‌سه‌ر توانا سه‌ربازییه‌كانمان ناكه‌ین
دانوستان، واته گه‌یشتنه رێككه‌وتن
K24 – هه‌ولێر:
رابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، عه‌لی خامه‌نه‌ئی، رایگه‌یاند، ئێمه له باره‌ی توانا سه‌ربازییه‌كانمانه‌وه دانوستان ناكه‌ین.
گوتیشی: "دانوستان، واته گه‌یشتنه رێككه‌وتن و ده‌ستبه‌رداربوون له توانا سه‌ربازییه‌كانمان".
خامه‌نه‌ئی له وتارێكدا، كه ئاراسته‌ی مامۆستایانی زانكۆی كرد، راشیگه‌یاند، دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا سوودی نییه، چونكه ئه‌وان واز له فشارخستنه سه‌ر ئێران ناهێنن.
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌وان فشاری زۆر به‌كار ده‌هێنن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ریان ماندوو و شه‌كه‌ت بێت و ئه‌و كات ده‌ڵێن، با دانوستان بكه‌ین، ئه‌و دانوستانه‌ش ته‌واوكاری فشارهكانه و ستراتیژی ئه‌وان دانوستان نییه، به‌ڵكوو فشاری زیاتره".
ئاشكراشی كرد، ئه‌گه‌ر پێویست بكات، ئێران ئاماده‌یه، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی فشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا، فشاری سه‌ربازی به‌كار بهێنێت.