ئێران چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی وڵاتانی كه‌نداو ده‌كات
"ئاماژه‌یه‌كی باش له‌م باره‌یه‌وه هه‌یه"
K24- هه‌ولێر:
كۆماری ئیسلامیی ئێران رایگه‌یاند، ئه‌وان چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی وڵاتانی كه‌نداون، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی تاران واژۆ بكه‌ن، كه بۆ دژایه‌تیی نه‌كردنی یه‌كتر بۆ وڵاتانی كه‌نداو پێشنیازیان كردبوو و گوتیشی: "ئاماژه‌گه‌لێكی باش له‌م باره‌یه‌وه هه‌ن".
له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی "نوفوستی"ـی رووسی، عه‌باس عێراقچی، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران دووپاتی كرده‌وه، له سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر "تاووتوێی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌مان كرد، كه بۆ دژایه‌تیی نه‌كردنی یه‌كتر له نێوان وڵاتانی كه‌نداو پێشنیازمان كردبوو، ئه‌مه‌ش بیرۆكه‌یه‌كی ده‌ستپێكییه، به‌ڵام ورده‌كاریی زیاتری ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه لای ئێمه‌یه و تا ئێستا گفتوگۆمان له باره‌یه‌وه نه‌كردووه، چونكه هێشتا چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی وڵاتانی كه‌نداوین".
عێراقچی گوتی: "به‌ر له دوو رۆژ له دیداره‌كانی كوێت و عومان، ئه‌و پرسه‌مان پێشنیاز كردووه، هه‌ڵبه‌ته ده‌بێت كاتی پێویست بۆ دیراسه‌كردنی پێشنیازه‌كه‌مان به‌و وڵاتانه بده‌ین، به‌ڵام تا ئێستا هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی نه‌رێنیمان به‌دی نه‌كردووه، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی باشه".
عێراقچی دووپاتی كرده‌وه، "ئێران ئاماده‌یه بۆ هه‌ر رێكارێكی پێویست له‌پێناو دروستكردنی متمانه‌یه‌كی پته‌و و دۆستانه له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتێكی ناوچه‌كه، له‌وانه‌ش واژۆكردنی به‌ڵێننامه‌ی دژایه‌تیی نه‌كردنی یه‌كتر" و گوتیشی: "ده‌مانه‌وێت وڵاتانی ناوچه‌كه به‌یه‌كه‌وه له‌سه‌ر یه‌ك مێزی گفتوگۆ تاووتوێی چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كان بكه‌ن، له‌وانه‌ش ئه‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ندییان به لایه‌نی ئه‌منییه‌وه هه‌یه".
پێشتریش محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ عێراق له 26ی ئه‌م مانگه رایگه‌یاندبوو، وڵاته‌كه‌ی پێشنیازی واژۆكردنی به‌ڵێننامه‌یه‌كی دژایه‌تیی نه‌كردنی یه‌كتر له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو كردووه، ئه‌مه‌ش به هۆی ئه‌و گرژییانه‌ی پێشبینیی ئه‌گه‌ره‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازیی له نێوان تاران و واشنتنی لێ ده‌كرێت.
H.B