گرووپێكی حهشدی شهعبی: سهربازهكانی ئهمهریكا به سهرشۆڕییهوه له عێراق دهردهكهین
مەشق و راھێنانیان بە فەوجێكی حەشدی ھۆزەكان راگرتووە
K24- ههولێر:
ھێزەكانی ئەمریكا له رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، رێوشوێنی ئەمنیی توند بۆ پاراستنی بنكە سەربازییەكانیان دەگرنەبەر.
قوسەی ئەنباری، بەڕێوەبەری نووسینگەی رێكخراوی بەدر لە پارێزگای ئەنبار ئاشكرای كرد، ھێزەكانی ئەمریكا لە بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد, بنكەی 70 لە نزیك روتبە و سێكوچكهی سنووری نێوان عێراق، سووریا و ئوردن، رێوشوێنی ئەمنیی توندیان بۆ پاراستنی بنكه سهربازییهكانیان گرتووەتەبەر.
ھاوكات سەرچاوەیەك لە حەشدی ئەنبار رایگەیاند، ھێزەكانی ئەمریكا، مەشق و راھێنانیان بە فەوجێكی حەشدی ھۆزەكان راگرتووە و فەوجەكەشیان ھەڵوەشاندووەتەوە.
ئهمهش لهكاتێكدایه، كه لە گەرمەی ئاڵۆزیی و گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، گرووپێكی چەكداری شیعەی عێراق، بە ناوی بەرەی شۆڕشگێڕانی ئازادیخواز، دامەزراندنی خۆیان راگەیاند و لە گرتەیەكی ڤیدیۆییشدا، سەركردەیەكی ئەو گرووپە، بە تەنیشت ئاڵای حەشدی شەعبییەوە، ھەڕەشە لە ھێزەكانی ئەمهریكا دەكات و دەڵێت: "سەربازانی ئەمریكا لە وڵاتەكهمان دەكەینە ئامانج، تا بە سەرشۆڕی لە عێراق دەریان دەكەین".
H.B