پۆمپیۆ جارێکی دیکە هەوڵی قایلکردنی ئەوروپییەکان بۆ دژایەتیکردنی ئێران دەدات

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەرلینە

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەڵمانیا لە دژی ئێران گەیشتە بەرلین.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە گەرمەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران سەردانی بەرلینی کردووە و بڕیارە لەگەڵ ئەنگێلا مێرکل لەبارەی میکانیزمەکانی رێگریگرتن لە فراوانخوازییەکانی ئێران گفتوگۆ بکات.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەیەوێت جیا لە ئەڵمانیا سەردانی چەند وڵاتێک دیکەی ئەوروپی وەک سویسرا، هۆڵەندا و بەریتانیا بکات و پرسی ئێرانیان لەگەڵ تاوتوێ بکات.

هێشتا ئەوروپا سوورە لەسەر ئەوەی پابەندبێت بە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران و بەردەوام بێت لە بازرگانی کردن لەگەڵ ئێران، بەڵام واشنتن دەیەوێت ئەو هیوایەی تاران لەسەر ئەوروپا دروستی کردووە، نەیهێڵێت.

پێشتریش، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا چەند جارێک سەردانی ئەوروپای کردووە و داوای لێکردوون پشت بکەنە ئێران، بەڵام هەوڵەکانی بێ سوود بوون.

 H.J