رەخنەگرتن لە ھەڵبژاردن ئەردۆغان نیگەران دەكات
"دەنگەکانیان دزی"
K24 - ھەولێر
لەبارەی ئەو رەخانەی لە ئاكەپە دەگیرێن لەسەر دووبارەكردنەوەی ھەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە خوانێكی بەربانگی مانگی رەمەزان نیگەرانی دەردەبڕێت و دەڵێ: "ھیچ کەس مافی ئەوەی نییە رەخنە لە ئێمە بگرێت، لەبەر ئەوەی پشتیوانیمان لە ئیرادەی گەلی خۆمان و سندووقەکانی دەنگدان کردووە".
ئەرۆدۆغان، دەڵێ: "لە ھەڵبژاردنەکانی 31ی ئاداردا لە کۆی 39 شارۆچکەی ئیستانبوڵ، ھاوپەیمانی جمھوور 25 شارۆچکەی بردووەتەوە. کەچی لە ھەڵبژاردنی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ رووبەڕووی دۆخێک بووینەوە کە دیموکراسی خستە ژێر پرسیارەوە، دەنگەکانیان دزی".
سەرۆك كۆماری توركیا گوتیشی: "ئەگەر کەسانێک لە دەرەوەی خەڵکی ئیستانبوڵ لە نزیکەوە چاودێری ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بکەن و خۆشی و دڵگرانی خۆیان بخەنەڕوو، ئەوا مانای ئەوەیە یارییەک لە ئارادایە".
ئەردۆغان راشیگەیاند: "لە 31ی ئاداردا، بینیتان چۆن رۆژئاوا و وڵاتە جیاوازەکانی ئەورووپا دڵیان خۆش بوون بە سەرکەوتنی کەسێک کە وایانزانی سەرکەوتووە؟. ئایا تا ئێستا تێنەگەیشتین کە چی لە پشت ئەم کارەوە ھەیە؟ ئایا تێنەگەیشتین کەچی دەگوزەرێت".
ئەم قسانەی ئەردۆغان دوای ئەوەدێت لەسەر سكاڵای ئاكەپە، ئەنجامی ھەڵبژاردنی 31ی ئاداری شارەوانیی ئیستانبوڵ ھەڵوەشێندرایەوە و دەزگای ھەڵبژاردنی توركیا بڕیاری دا 23ی حوزەیران ھەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستانبوڵ دووبارە بكرێتەوە. بەمەش لەناوخۆ و دەرەوەی توركیا رەخنەی زۆر ئاراستەی ئاكەپە و ئەردۆغان كرا.
ھ.م
سەرچاوە: ئەنادۆڵ