ملی داعشه فه‌ره‌نسییه‌كان له په‌تی سێداره‌ی عێراق ده‌رباز نابێ
حه‌وته‌م داعشی فه‌ره‌نسی فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو
K24 - هه‌ولێر:
سه‌ره‌ڕای مشتومڕێكی زۆر له فه‌ره‌نسا له‌باره‌ی فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی 6 هاووڵاتی فه‌ره‌نسی له عێراق كه په‌یوه‌ندییان به داعشه‌وه هه‌بووه. رۆژی 29/5/2019 دادگایه‌كی عێراقی له به‌غدا فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی بۆ حه‌وته‌م فه‌ره‌نسی له ماوه‌ی 4 رۆژدا ده‌كرد.
یاسین سه‌قم، ته‌مه‌ن 29 ساڵان كه خه‌ڵكی شارۆچكه‌ی لونێلی باشووری فه‌ره‌نسایه، به‌تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی به داعشه‌وه فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو. پاش ئه‌وه‌ی ساڵی 2016 دادگا بڕیاری راگرتنی ده‌ركرد و له ساڵی 2014 وه له ریزه‌كانی داعشدا جه‌نگابوو.
به‌گوێره‌ی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، هه‌ر كه‌سێك په‌یوه‌ندی به داعشه‌وه هه‌بێت و له ریزه‌كانی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كه‌دا شه‌ڕی كردبێت، سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێ.
یاسین سه‌قم خۆی دانی به‌وه‌دا نابوو له سووریا شه‌ڕی بۆ داعش كردووه و به‌یعه‌تی به رێبه‌ری داعش داوه. مووچه‌ی مانگانه‌ی 70 دۆلار بووه. به‌ڵام گوتوویه‌تی: "داوای لێبوردن له ده‌وڵه‌تی عێراق و قوربانییه‌كانی ده‌ستی داعش ده‌كه‌م".
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی داعش له‌به‌رده‌م دادوه‌رێكی فه‌ره‌نسیش گوتبووی: "بایه‌خم بۆ هیچ شتێك نه‌بووه، نه عێراق و نه فه‌ڵه‌ستین و نه جه‌نگ، ته‌نها بیرم له پاره په‌یداكردن كردووه‌ته‌وه".
یاسین برایه‌كیشی به‌ناوی كه‌ریم په‌یوه‌ندی به داعشه‌وه كردبوو، به‌ڵام ساڵی 2015 له ده‌روازه‌ی تره‌یبیل له سنووری عێراق و ئوردن خۆی ته‌قاندبووه‌وه.
پێشتریش ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق 500 پیاو و ژنی بیانییان به‌تۆمه‌تی داعشبوون حوكمداوه. به‌ڵام هه‌تا ئێستا سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر هیچ یه‌كێكیان جێبه‌جێ نه‌كراوه. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌وانه پاش ئه‌وه‌ی تانه‌یان له بڕیاره‌كه‌ی دادگا داوه، سزاكه‌یان گۆڕدراوه بۆ زیندانیی هه‌تا هه‌تایی.
پێشتریش سەرۆکی فەرەنسا داوای لە عێراق كردبوو هاووڵاتییە فەرەنسییە داعشه‌كان لە سێدارە نەدات و سزاکانیان بگۆڕێت.
ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئاندرێ راجولینا، سەرۆک کۆماری ماداگاسکار لە هەژماری کۆشکی ئیلیزێ لە توویتەر بڵاویکردبووه‌وه: "ئه‌وه ئه‌ركی من نییه باسی سیستمی دادوه‌ریی عێراق و چۆنییەتی كاركردنیان بكه‌م، به‌ڵام وه‌كو زۆربه‌ی هاوپه‌یمانه‌كانمان ئێمه‌ش سزای له‌سێداره‌دانمان قه‌ده‌غەكردووه و بێگومان داواش ده‌كه‌ین كه هاووڵاتییه‌كانمان سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردان نه‌سه‌پێنرێت"
داواشیکرد: "سزاكانیان بۆ زیندانی هه‌تاهه‌تایی بگۆڕدرێت یانیش سزایه‌كی دیكه له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و یاسا گشتییه‌ی هه‌یه و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ری رێككه‌وتوون بیانگرێتەوە".
لە سەرەتای ئەم مانگە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دانپێدانانی 12 چەکداری داعشی بڵاوکردەوە کە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتی فەرەنسان و سزای لە سێدارەدانی بۆ حه‌وت کەسیان دەرکرد.