ژماره‌یه‌ك جووتیاری كورد له په‌ڵكانه ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێن
ویستوویانه ئه‌و پارچه زه‌وییانه دروێنه بكه‌ن كه هێشتا نه‌سووتێنراون و ماون
.jpg)
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌ك له په‌ڵكانه‌وه به كوردستان 24ی راگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك جووتیاری كورد له‌لایه‌ن پۆلیسی فیدرالییه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كراون، چونكه ویستوویانه گه‌نمه‌كانیان دروێنه بكه‌ن.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه، كه كه‌سێكی نزیكی خۆی ئێستا ده‌ستبه‌سه‌ره، رایگه‌یاند، رووبه‌رێكی زۆری ده‌غڵودان سووتێنراون، ئه‌و جووتیارانه‌ش ویستوویانه ئه‌و پارچه زه‌وییه بدوورنه‌وه، كه ماوه و هێشتا نه‌سووتاوه، به‌ڵام له‌لایه‌ن پۆلیسی فیدرالییه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كراون، كه ژماره‌یان 3 بۆ 5 كه‌س ده‌بێت.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه راشیگه‌یاند، پۆلیسی فیدرالی له سه‌ره‌تاوه پشتگیریی له عه‌ره‌به هاورده‌كان ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵیان ده‌چنه سه‌ر ماڵه كورده‌كان، پێشتریش هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر ماڵی ئه‌وان و كه‌سانی نزیكیان ده‌ستبه‌سه‌ر كردوون.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ئێستا له‌ناو په‌ڵكانه، هیچ كه‌س ناتوانێت بچێته ده‌ره‌وه، چونكه له‌لایه‌ن پۆلیسی فیدرالییه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێت.
یه‌كێك له شایه‌تحاڵه‌كانیش رایگه‌یاند، سه‌ره‌تا عه‌ره‌به هاورده‌كان پێیان گوتوون، یان به‌رهه‌مه‌كه‌ی نیوه به نیوه‌یه، یان نابێت ئه‌وانیش ببن به خاوه‌نی گه‌نمه‌كه.
تا ئێستا به هه‌زاران دۆنم زه‌ویی كشتوكاڵیی و ده‌غڵودانی جووتیارانی كورد له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان سووتێندراوه.
ئ. م