چەند گوندنشینێکی وڵاتێکی هەژاری ئەفریقا ژیانی خەڵکەکەیان دەگۆڕن
پێنج ژن دەچنە هیندستان و بە بیرۆکەیەک کارەبای هەشت گوند دابین دەکەن
K24 – ههولێر:
لە وڵاتی مالاوی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەفریقا، سۆلار ئینێرجی (وزەی تیشکی خۆر) ژیانی چەندان خەڵکی گۆڕیوە.
هەندێک ژنی گوندی چیموالا لە مالاوی کە ئێستا بە "دایکانی تیشکی خۆر" ناسراون بە گەشتێک دەچنە وڵاتی هیندستان، بەڵام بە گەڕانەوەیان بیرۆکەی هێنانی پانێڵی کارەبایی تیشکی خۆر بۆ گوندەکەیان دەهێننەوە، ئێستا بەهۆی ئەم بیرۆکەیە، هەشت گوندی ئەو ناوچەیە، کارەبایان هەیە، لە کاتێکدا دانیشتووانەکەی زۆر هەژارن.
ئەم خانمانە لە وڵاتی هیندستان کۆرسی راهێنانی ئەندازەی تیشکی خۆر دەخوێنن کە پارەی راهێنانەکە رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بە ناوی VSO بۆی دابینکردوون.

ژمارەی دانیشتووانی مالاوی 18 ملیۆن و 620 هەزار کەسە، 53% خەڵکی مالاوی لە خوار هێڵی هەژارییەوە دەژین، تەنها 10% خەڵکەکەشی کارەبای نیشتیمانیان پێدەگات، ئەمەش بەشێوەیەکی کەم و پچڕ پچڕە.
ئەگەرچی حکوومەت چەندین جار بەڵێنی داوە، بەڵام تاکو ئێستا قوتابخانە، نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەکان کارەبای نیشتیمانیان نییە، بەڵکو زیاتر پشت بە دینەمۆی کارەبا دەبەستن.

یەکێک لەو خانمانەی بە مەبەستی راهێنان چووە هیندستان دەڵێت: "ئێمە دارمان بۆ لێنانی خواردن بەکاردەهێنا، ئەمەش ئێمەی نیگەران کردبوو چونکە دەبوو دەیان داری ناوچەکە ببڕینەوە، ئێستا بەهۆی تیشکی خۆر نەک تەنها ئەو کێشەیە چارەسەر بووە، بەڵکو قوتابخانەکانمان رووناکن و بە کارەباش ئاوی زەوییە کشتوکاڵییەکانمان دەدەین".
دەشڵێت: "تەنانەت منداڵەکانمان ئێستا ئایپاد بەکاردەهێنن و پرۆسەی فێربوون لێرە زۆرە باشبووە".
Anadolu
H.J