شه‌ڕی نێوان ئێران و ره‌وه كوللـه به‌ڕێوه‌یه
هۆشداریی ده‌درێته پارێزگاكانی باشووری ئێران
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 3/6/2019، رێكخراوێكی ئێرانی رایگه‌یاند، له چه‌ند رۆژی داهاتوودا ره‌وه كوللـه به‌سه‌ر ئێران‌دا ده‌دات".
محه‌ممه‌د ره‌زامیر، گوته‌بێژ به ناوی رێكخراوی پارێزگاریی رووه‌ك له ئێران گوتوویه‌تی: "له چه‌ند رۆژی داهاتوودا ره‌وه كوللـه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر روو ده‌كاته ئێران و به‌ره‌و پاكستان و ئه‌فغانستانیش ده‌ڕۆن".
ره‌زامیر گوتوویه‌تی: "پێویسته پارێزگاكانی باشووری ئێران خۆیان بۆ شه‌ڕی ئه‌و ره‌وه كوللـه‌یه ئاماده بكه‌ن".
ناوه‌ڕاستی مانگی نیسان/ئه‌پرێلی رابردووش ره‌وه كوللـه هێرشی ھێنابووه سه‌ر شه‌ش پارێزگای ئێران، ئه‌وكات سه‌عید موعین، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی نه‌هێشتنی نه‌خۆشییه كشتوكاڵییه‌كان و پاراستنی رووه‌ك، به ئاژانسی هه‌واڵی فارس نیوزی رایگه‌یاندبوو، سعوودیه شه‌ڕانگێزانه مامه‌ڵه ده‌كات و رێگه‌ی داوه ره‌وه كوللـه به‌ره‌و پارێزگاكانی ئێران بێت، ئه‌مه‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌وڵی له‌ناوبردنیان بدات.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، شاره‌زایه‌كی بواری كشتوكاڵ، به ناوی فه‌رهاد تاڵشی، به رۆژنامه‌ی "كه‌یهان"ی چاپی له‌نده‌نی گوتبوو، هێرشی كوللـه، ده‌ردێكی كشتوكاڵیی گشتییه و په‌یوه‌ندیی به سعوودییه‌وه نییه و ئه‌و وڵاته ناتوانێت رێگری لێ بكات.
تاڵشی روونی كردبووه‌وه، كوللـه‌ی بیابان، به گشتی له خاكی گونجاوی خۆی و باراناوی و شێ‌دار په‌یدا ده‌بێت، وه‌كو سوودان و میسر، نه‌ك بیابانه‌كانی سعوودیه، به‌رپرسه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌شی به "نه‌زان و نه‌خوێنده‌وار" وه‌سف كردبوو، كه سعوودیه‌ی به‌و كاره تۆمه‌تبار كردووه.
ئه‌وكاتیش شه‌ش پارێزگای ئێرانی سه‌ر كه‌نداو، رووبه‌ڕووی هێرشی كوللـه بوونه‌وه و زیانه‌كانی به 13 ملیار تومه‌ن خه‌مڵێنرابوو.