هه‌واڵگریی سه‌ربازیی عێراق شوێنی به‌غدادی ئاشكرا ده‌كات
"به‌غدادی فه‌رمانێكی نوێی بۆ شانه نوستوه‌كانی داعش ده‌ركردووه"
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 4/6/2019، لیوا روكن، سه‌عد مه‌زهه‌ر عه‌لاق، به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگریی سه‌ربازی عێراق رایگه‌یاند: "ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی رێبه‌ری داعش، له ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان عێراق و سووریایه".
ئه‌و به‌رپرسه هه‌واڵگرییه‌ی عێراق به ئاژانسی سپوتنیكی رووسی گوتووه: "زانیاریمان ده‌ستكه‌وتووه و ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ی تێدایه كه ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی رێبه‌ری داعش، له ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان عێراق و سووریا جموجووڵی هه‌یه و دێت و ده‌چێت، به‌تایبه‌تی له ناوچه‌كانی حمس و بیابانه‌كانی ئه‌نبار و ناوچه‌ی به‌عاج و حه‌زه‌ر و ناوچه‌كانی مه‌نایف و سه‌خه‌ریات، جگه له سێگۆشه‌ی سنووریی نێوان عێراق، سووریا، توركیا، چونكه ئه‌و ناوچانه چۆڵن و هێزی سه‌ربازییان تێدا نییه".
عه‌لاق ده‌ڵێت: "زانیارییمان له‌سه‌ر شانه‌ی نوستووی رێكخراوی داعش هه‌یه له گونده دووره‌ده‌سته‌كان و ده‌وروبه‌ری هه‌ندێك ناوچه‌ی نیشته‌جێبوونی هاووڵاتیان و شاره‌كان. له‌لایه‌ن ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی رێبه‌ری داعش فه‌رمانیان پێكراوه تا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه درووست بكه‌ن و تێكه‌ڵی دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه ببن، خۆیان به‌شێوه‌یه‌ك لێبكه‌ن دووربن له چاوی هێزه ئه‌منییه‌كان، به‌ڵام له‌لایه‌ن هه‌واڵگریی سه‌ربازیی به‌رده‌وام چاودێرییان ده‌كرێت و ئاگاداری هه‌وڵه‌كانیانین".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "شانه نوستووه‌كانی داعش توانای ئه‌وه‌یان نییه له ناوچه رزگاركراوه‌كان وه‌ك جاران ده‌ست به چالاكی بكه‌نه‌وه، چونكه زیانێكی زۆریان به‌ركه‌وتووه و هێزه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان گورزی گورچكبڕییان لێ وه‌شاندوون له كاتی شه‌ڕه‌كاندا، زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی داعش كوژراون، له رووی ده‌روونی و مه‌عنه‌وی رووخاون، ته‌نها شانه نوستووه‌كانیان پشت به په‌لاماردانی هه‌ندێك ئامانج ده‌به‌ستن، به‌تایبه‌تی ئه‌و چه‌كدارانه‌یان له ناو بیابانه‌كاندا خۆیان حه‌شارداوه و كردوویانه‌ته مۆڵگه‌یه‌ك بۆ په‌لاماره تیرۆریستییه‌كانیان".