رووسیا مووشه‌كێكی نه‌ناسێنراو تاقیده‌كاته‌وه
"به‌خێرایی دهیگوانهوهو هه‌ڵده‌درێ و ئامانجه‌كه‌ی ده‌پێكێ"
K24 - هه‌ولێر:
سوپای رووسیا مووشه‌كێكی نوێی دژه مووشه‌كی بالیستی له كۆماری كازاخستان تاقیده‌كاته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ زانیاری و ورده‌كارییه‌كی پێویست له‌سه‌ر ناو و جۆری مووشه‌كه‌كه بڵاوبكاته‌وه.
وه‌زاره‌تی به‌رگریی رووسیا له په‌یجی فه‌رمی خۆیه‌وه له‌گه‌ڵ ڤیدیۆی مووشه‌كه‌كه‌دا نوسیوویه‌تی: "تیمێكی شه‌ڕكه‌ری به‌رگریی ئاسمانی و دژه مووشه‌ك، سه‌ر به هێزی ئاسمانی و بۆشایی ئاسمان، مووشه‌كێكی نوێی دژه مووشه‌كیان به سه‌ركه‌وتوویی له پێگه‌ی مه‌شق و راهێنانی (شاری شاگان) له كازاخستان تاقیكردووه‌ته‌وه".
له گرته ڤیدیۆكه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی رووسیادا كه ئه‌مرۆ سێشه‌ممه 4/6/2019 بڵاوكراوه‌ته‌وه ده‌بینرێت، به‌خێرایی سیستمه مووشه‌كییه‌كه هه‌ڵگیراوه‌و گوازراوه‌ته‌وه‌و مووشه‌كه‌كه به‌خێرایی هه‌ڵده‌درێ بێ ئه‌وه‌ی هیچ زانیارییه‌ك له‌باره‌ی ناو و جۆره‌كه‌ی ئاشكرا بكه‌ن.
وه‌زاره‌تی به‌رگریی رووسیا رایگه‌یاندووه: "ئه‌و سیستمه نوێیه دژه مووشه‌كه و پاش زنجیره‌یه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ی پیش‌تر، ئه‌ركه‌كه‌ی به باشی به‌جێهێناوه و ئامانجه‌كه‌ی به وردی پێكاوه كه بۆی دیاری كرابوو". بێ ئه‌وه‌ی هیچ ورده‌كارییه‌كی دیكه له‌وباره‌یه‌وه ئاشكرا بكه‌ن.