هه‌ولێر دوایین ئاماده‌كارییان بۆ یارییه قورسه‌كه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌یان كرد
ئه‌م یارییه ده‌بێته سه‌خترین تاقیكردنه‌وه بۆ ئه‌كره‌م سه‌لمانی راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر
له گه‌ڕی 31ـه‌می خولی نایابی عێراقی، سبه‌ی هه‌ینی هه‌ولێر له شاری به‌غدا ده‌بێته میوانی شورته، یارییه‌كه‌ش كاتژمێر 7:30 خوله‌كی ئێواره به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌م یارییه به‌تاقیكردنه‌وه زه‌حه‌مته‌كه‌ی ئه‌كره‌م سه‌لمانی راهێنه‌ری هه‌ولێر داده‌نرێت.
هه‌ولێر له یارییه‌كی به‌هێزدا له دژی شورته‌ی خاوه‌نی پێگه‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی خوله‌كه یاریی ده‌كات، هه‌رچه‌نده هه‌ولێر له 3 یاریی رابردوو یه‌كسانێك و دوو بردنه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێناوه، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی زه‌ردپۆشه‌كانی هه‌ولێر ده‌رده‌خات له‌سه‌ر ده‌ستی راهێنه‌ره تازه‌كه‌ی، به‌ڵام شورته به‌هێزترین و باشترین ئاستی له‌سه‌رتای خوله‌كه‌وه نیشانداوه، ته‌نها یه‌ك یاریی دۆڕاندووه، تاكه یانه‌یه به ئاستێكی جێگیر ده‌رده‌كه‌وێت، شورته له سێ یاریی رابردوو دۆڕانێك و دوو بردنه‌وه‌ی هه‌یه.
هه‌ولێر له كۆی 30 یاریی رابردوو 10 یاریی براوه‌بووه و 9 یاریی یه‌كسان بووه و 11 دۆڕانیشی هه‌بووه، 28 گۆڵیشی تۆمار كردووه و به كۆكردنه‌وه‌ی 39 خاڵ له پله‌ی ده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه دێت، محه‌مه‌د جه‌فال له زه‌ردپۆشه‌كان به 9 گۆڵ گۆڵكاری یانه‌كه‌یه‌تی.
شورته، له كۆی 30 یاریی 22 بردنه‌وه‌ی هه‌یه و 7 یه‌كسان و یه‌ك دۆڕانی هه‌یه، 62 گۆڵی كردووه و 14 گۆڵی لێكراوه، شورته به 73 خاڵ له پله‌ی یه‌كه‌می خوله‌مه دێت، عه‌ڵا عه‌بدولزه‌هرا به 25 گۆڵ گۆڵكاری یانه‌كه و خوله‌كه‌شه.
له‌كۆی 10 یاریی رابردووی نێوانیان هه‌ولێر 3 یاریی بردۆته‌وه و شورته‌ش له 5 یاریی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه، دوو یاری نێوانیشیان به یه‌كسان بوون ته‌واو بووه، به‌ڵام گه‌وره‌ترین ئه‌نجام له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ولێریه‌كان بووه له وه‌رزی 2012، كاتێك به (5-1) له سه‌وزپۆشه‌كانی به‌غدای بردۆته‌وه، له یاریی یه‌كه‌می ئه‌م وه‌رزه‌ش هه‌ولێر له‌سه‌ر یاریگای خۆی (4-0) به شورته دۆڕا.
