پارتی و یەكێتی پرسی كەركووك و پێكھێنانی كابینەی نوێ تاوتوێ دەكەن
ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە
K24 - ھەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەبارەی دانانی پارێزگارێك بۆ كەركووك و پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆببنەوە.
خالید شوانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و ئەندامی كۆمیتەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، بە كوردستان24ـی راگەیاند، دوێنێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی پەیامی ئەرێنییان ئاڵوگۆڕ كردووە، بڕیاریشە ئەمڕۆ ھەردوولا كۆببنەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، گرنگە پارتی و یەكێتی لەسەر ناوێك رێكبكەون بۆ پارێزگاری كەركووك، كە نیشتمانپەروەر بێت و بە ھەموو لایەك پاڵپشتی بكات، بۆ ئەوەی ھاوكار بێت بۆ گەڕاندنەوەی دۆخی كەركووك بۆ بارە ئاساییەكەی.
خالید شوانی داواشی كرد، لایەنە كوردستانییەكان یەكڕیز بن لەپێناو ئەوەی ھەڕەشە لە دەستكەوتەكانی كورد دووربخرێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی كوردستان24، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەكێتی، پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەبێت.
ھ.م