له‌ سنه‌ درووستكردنی خانووی بێ مۆڵه‌ت زیادیكردووه‌

چەند ساڵێکە پلەی یەکەمی پەراوێزنشینیی لە ئاستی ئێراندا تۆمار کردووە

K24 – هه‌ولێر:

شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان چەند ساڵێکە پلەی یەکەمی پەراوێزنشینیی لە ئاستی ئێراندا تۆمار کردووە و تەنانەت تەرخان کردنی بودجەی تایبەت لە لایەن بانکی جیهانییەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەڕەکە هەژار نشینەکانی ئەم شارە نەیتوانیوە لە ئاستی قەیرانەکە کەم بکاتەوە.

پەراوێز نشینی و نشتەجێ بوونی خەڵک لە گەڕەکە نافەرمییەکانی پەراوێزی شارەکان یەکێک لە قەیرانە سەرەکییەکانی وڵاتی ئێرانە کە بەردەوامیش خەریکە پەرە دەستێنێت.

بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌، بانکی جیهانی لە ساڵی 2004دا بودجەیەکی تایبەتی بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیه‌ لە سنە و چوار شاری دیکەی ئێران تەرخان کرد، بەڵام بە هۆی کەمتەرخەمیی لایەنی پەیوەندیدار و بەردەوام نەبوونی بودجەکە کێشەکە نەک چارەسەر نەکرا بەڵکوو ساڵ بە ساڵیش زیاتر قووڵ بووەتەوە.