كۆنفرانسی نێودەوڵەتی نەوت و گازی ھەرێمی كوردستان و عێراق لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت
چەندین خاوەن كۆمپانیا بەشداری دەكەن
K24 - لەندەن
بە بەشداری ژمارەیەك لە بەرپرسانی ھەرێمی كوردستان و عێراق و خاوەن كۆمپانیاكان، ئەمڕۆ كۆنفرانسی نێودەوڵەتی نەوت و گازی ھەرێمی كوردستان و عێراق لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
بارزان حەسەن، پەیامنێری كوردستان24 لەناو ھۆڵی كۆنفرانسەكە رایگەیاند: "ئەمڕۆ كۆنفرانسی نێودەوڵەتی نەوت و گازی ھەرێمی كوردستان و عێراق لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ھەردوولا و خاوەن كۆمپانیاكان بەشداری لە كۆنفرانسەكەدا دەكەن".
شاكر واجید، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دانە گاز بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو كۆنفرانسە بۆ ھەرێمی كوردستان و عێراق گرنگی خۆی ھەیە و ھەلێكی باشە بۆ راكێشانی وەبەرھێنەران".
گوتیشی: "بارودۆخی ئێستای عێراق لە رووی ئەمنییەوە لە ساڵانی رابردوو باشترە و كۆمپانیاكانی ناوخۆ وەبەرھێنانی زیاتر دەكەن".
لەبارەی وەبەرھێنانی كۆمپانیای دانە گاز لە ھەرێمی كوردستان شاكر واجید، گوتی: "لە چەند كێڵگەیەكی ھەرێمی كوردستان پڕۆژەی وەبەرھێنانمان ھەیە و پێشبینی دەكەین لە ساڵانی داھاتوودا وەبەرھێنانمان دوو ھێندەی ئێستا زیاد بكەین".
ھ.م





