مووشەکەکانی ئیسرائیل چەند پێگەیەکی سەربازیی لە سووریا دەکەنە ئامانج

کوژراو و بریندار هەیە

K24 – هه‌ولێر:

ئیسرائیل چەند پێگەیەكی سەربازیی سووریای بۆردومان كرد و میدیاكانی سەر بە حكوومەتی سووریاش دەڵێن، لە ئەنجامدا چوار سڤیل كوژراون.

ئاژانسی سانای فەرمی سەر بە حكوومەتی سووریا بڵاوی كردووەتەوە، درەنگانی شەوی رابردوو ئیسرائیل چەند مووشەكێكی ئاڕاستەی دەورووبەری دیمەشق كردوون، لە ئەنجامدا چوار سڤیل گیانیان لەدەستداوە كە لەنێویاندا منداڵێكی ساوا ھەیە و 21 كەسی دیكەش بریندار بوونە.

ئاماژەی بەوەش كردووە، سیستمی بەرگری مووشەكی سووریا چەند مووشەكێكی دیكەی تێكشكاندوون.

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، بە ئاژانسی ھەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە، بۆردومانەكانی ئیسرائیل ناوەندێكی لێكۆڵینەوەی زانستی و فڕۆكەخانەی سەربازیی رۆژئاوای حیمسیان كردووەتە ئامانج كە میلیشیاكانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی لێ جێگیر دەبن.

ھەروەھا لە دەورووبەری دیمەشقیش چەند پێگەیەكی سەربازیی كراونەتە ئامانج كە بەشێكیان سەربە میلیشیاكانی ئێرانن.

H.J