"پارێزگاری كەركووك پارێزگاری پارتی و یەكێتی و ھەموو پێكھاتەكان دەبێت"
"بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك تێگەیشتنی باش ھەیە"
K24 - سلێمانی
دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندێكی پارتی و یەكێتی لە سلێمانی كۆبوونەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.
دڵشاد شەھاب ئەندامی شاندی پارتی رایگەیاند: "تێگەیشتنی باش ھەیە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك ھەیە و كەسێكی خەڵكی كەركووك وەك پارێزگاری كەركووك دەست نیشان دەكرێت كە پارێزگاری ھەموو لایەن و پێكھاتەكانی كەركووك بێت".
گوتیشی: "ھاوتەریب لەگەڵ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پۆستی پارێزگاری كەركووك یەكلا دەكرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد: "ھەنگاوی باش نراوە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و تێگەشتنی باشیش لەلایەن حكوومەتی عێراق ھەیە و نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەبارەی ناوچە كوردستانییەكان بە جدی لەسەر خەتن".
راشیگەیاند: "ئومێدمان زۆرە كە لەگەڵ ھەموو لایەنەكان لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركووك دەگەینە رێككەوتن، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ باسمان لە ئایندەی كەركووك و بەڕێوەبردنی شارەكە كرد لەگەڵ ھەموو پێكھاتەكانی ئەو شارە".
باسی لەوەشكرد: "ئەو كەسەی كە ناوی وەك پارێزگاری كەركووك رادەگەیەندرێت، كاندی لیستی برایەتی و پارتی و یەكێتی و ھەموو پێكھاتەكان دەبێت".
لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا گوتی: "لە كۆبوونەوەكە باسمان لەوەكرد دەبێ بە پەرۆشەوە ھەنگاوی گەورە بنێین، بۆ ئەوەی پێش تەواو بوونی وادەی دیاریكراو كابینەی نۆیەمی حكوومەت پێكبھێندرێت و دەست بە كارەكانی بكات".
گوتیشی: "دڵسۆزی خۆمان وەك شەریكێكی راستەقینەی ھاوبەش بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكوومەت راگەیاندووە و ئامادەكارییەكانمان دەست پێكردووە، كە ھاوتەریب بێت لەگەڵ پرسی كەركووك".
وتەبێژی یەكێتی، ئاماژەی بەوەشكرد: "وادەكەین لە ماوەیەكی كورتدا دڵی ھەموو دڵسۆزانی خەڵكی كوردستان بەو پەیوەندییە بەھێز و پتەوەی نێوانمان خۆش بێت، بەو ھیوایەی پێ بنێتە قۆناخێكی دیكە".
ھ.م