عارف قوربانی: په‌كه‌كه خزمه‌تی توركیا ده‌كات
وایكردووه ده‌وڵه‌ت شه‌ڕ بخاته ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی خۆی
K24 – هه‌ولێر:
له میانی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس عارف قوربانی ره‌خنه‌ی له سیاسه‌تی په‌كه‌كه له دژی هه‌رێمی كوردستان گرت و رایگه‌یاند، په‌كه‌كه شه‌ڕگه‌ی خۆی به‌جێهێشتووه و هاتووه‌ته هه‌رێمی كوردستان و وایكردووه ده‌وڵه‌ت شه‌ڕ بخاته ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی خۆی و ئه‌مه‌ش خزمه‌تكردنه به توركیا و پێویست بوو په‌كه‌كه شه‌ڕ به‌رێته‌وه قوڵایی خاكی توركیا نه‌ك له قه‌ندیل و خواكورك بێت.
سه‌باره‌ت به پێكهێنانی هێزێكی چه‌كدار له لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه، عارف قوربانی گوتی: "لۆمه‌ی پارتی و یه‌كێتی ده‌كه‌ین، كه نابێت له ده‌ره‌وه‌ی سیستمی به‌رگری كوردستان، كه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه هێزی حزبییان هه‌بێت. چ جای ئه‌وه‌ی هێزێكی دیكه كه سه‌ر به پارچه‌یه‌كی دیكه‌ی كوردستانه، ره‌وایی به خۆی بدات، هێزی چه‌كدار درووست بكات. پێویست بوو، براده‌رانی په‌كه‌كه خۆیان ره‌چاوی ره‌وشه‌كه بكه‌ن. ئه‌وان له باكووری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان رێگه ناده‌ن هێزی چه‌كدار دژی توركیا و سووریا درووست ببێت".
گوتیشی: "ده‌مه‌وێت راشكاوانه بڵێم، ئه‌وه‌ی توركیا و سووریا و عێراق و ئێران ده‌یكه‌ن، به‌شێكه له پیلانێكی هه‌رێمایه‌تی دژ به كورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان. وڵاتانی سه‌رده‌سته‌ی ئه‌م ناوچه‌یه دژی كوردن وه‌ك نه‌ته‌وه، له هه‌ر كوێیه‌ك بێت. نابێت خۆشمان ده‌رفه‌تیان بۆ بڕه‌خسێنین ده‌ست كراوه بن بۆ لێدان له بزووتنه‌وه‌ی كوردیی.
روونیشیكرده‌وه، په‌كه‌كه ئه‌گه‌ر له قوڵایی توركیادا شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت بكات، به‌و ئه‌ندازه‌یه توركیا ده‌ستكراوه نابێت وه‌ك ئێستا له قه‌ندیل و خواكوڕك ده‌یكات. چونكه توركیا لێره ده‌ربه‌ستی ئه‌وه نایه‌ت هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی ئێره بكاته ئاگر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له قوڵایی توركیا رووبه‌ڕووی په‌كه‌كه ببێته‌وه، حه‌تمه‌ن لێكه‌وته‌كانی زیاتر ئازاری توركیا ده‌دات. بۆ په‌كه‌كه خۆی باشتره، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت زیان به توركیا بگه‌یه‌نن، ده‌بێت شه‌ڕ ببه‌نه قوڵایی توركیا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من لایه‌نگری شه‌ڕ نیم و خۆزگه ئه‌م وڵاتانه دیموكراسیی بان، ئه‌گه‌ریش ناچارین شه‌ڕ بكه‌ین، ده‌بێت شه‌ڕ له شه‌ڕگه‌دا بكه‌ین. زه‌مینه خۆشكردن بۆ ئه‌وه‌ی توركیا شه‌ڕ به‌رێته ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی، راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ خزمه‌تكردنه به ئامانجه‌كانی توركیا".
عارف قوربانی باسی له‌وه‌شكرد، "پێویسته په‌كه‌كه ره‌چاوی ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان بكات. زۆر جار لۆمه‌ی هێزه سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كرێت، كه وازیان له خه‌باتی چه‌كداری هێناوه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ستایش ده‌كرێن، چونكه ره‌چاوی ره‌وشی باشووری كوردستان ده‌كه‌ن. په‌كه‌كه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌بوو، له ناو توركیا به‌رده‌وام بێت له شه‌ڕی چه‌كداری، له قۆناغی پرسی ئاشتیدا هێزه‌كانی له توركیا كشانده‌وه و ئێستاش ناكرێت باشووری كوردستان بكرێته گۆڕه‌پانی شه‌ڕ. ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه له رۆژئاوای كوردستان توانی هه‌لێك بقۆزێته‌وه و له‌سه‌ر حسابی هێزه تێكۆشه‌ره‌كانی دیكه‌ی كورد گۆڕه‌پانه‌كه بگرێت، به‌ڵام له باشووری كوردستان دووباره كردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه سه‌ركه‌وتوو نابێت. هه‌رێمی كوردستان زیاتر له نیو سه‌ده‌یه خوێن ده‌دات بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و نیمچه ئازادییه‌ی به‌ده‌ست هاتووه و ئێره خاوه‌ن هێزی خۆیه‌تی و نابێت باشووری كوردستان بكرێته ناوه‌ندی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكی ئه‌وان".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، عارف قوربانی گوتی: "ده‌وڵه‌تانی نه‌یار هه‌میشه ده‌رفه‌ت ده‌قۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی زیانی زیاترمان پێ بگه‌یه‌نن. ئه‌وه‌ی ئێستا په‌كه‌كه ده‌یكات، خزمه‌ت كردنه به توركیا. ناوخۆی توركیا ئارامه و شه‌ڕه‌كانی ئه‌و وڵاته براونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان و له‌وه‌شدا باشووری كوردستان كراوه‌ته ئامانج. ئه‌وه نه‌ك خزمه‌ت به باكووری كوردستان ناكات، به‌ڵكو خزمه‌ت كردنه به توركیا و وا ده‌كات له باكوور زیاتر پێگه‌ی خۆی به‌هێز بكات و كورد سه‌ركوت بكات. جاران ئه‌گه‌ر نه‌یده‌توانی له رێی جه‌ندرمه و موختارێكه‌وه ئازاری گوند نشینان بدات، به‌ڵام ئێستا هێزی په‌كه‌كه له‌وێ نه‌ماوه و به ئاره‌زووی خۆی چی ده‌وێت ده‌یكات. باشتر وایه په‌كه‌كه به‌ره‌ی شه‌ڕ فراوان بكاته‌وه و بڕواته‌وه قوڵایی توركیا و ئه‌و شه‌ڕه بكات بۆ ئه‌وه‌ی فشار له‌سه‌ر خۆی له قه‌ندیل كه‌م بكاته‌وه".
له باره‌ی گوتاری میدیایی په‌كه‌كه‌وه، عارف قوربانی گوتی: "لێدوان و گوتاری په‌كه‌كه ئیحراجییه‌كی تێدایه بۆ هه‌رێمی كوردستان. ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه هێزی خۆی به‌رێته‌وه بۆ قوڵایی توركیا، هه‌قی ئه‌وه‌ی ده‌بێت لانیكه‌م داوای هاوكاری له هه‌رێمی كوردستان بكات، به‌ڵام ئه‌و بیه‌وێت ئه‌و جوگرافیا و ناوچه‌یه‌ی له 1963 تا 1991 پێنج جار جینۆساید كراوه و دوو شۆڕشی به خوێن ئاوداوه بۆ ئه‌وه‌ی ئازادی به‌ده‌ست بهێنێت، تێكبدرێت چ خزمه‌تێكی تێدایه بۆ كورد. په‌كه‌كه ده‌یه‌وێت پارتی و یه‌كێتی په‌لكێشی شه‌ڕ بكات بۆ ئه‌وه‌ی دژی توركیا بن، له كاتێكدا ئێمه ده‌ره‌قه‌تی توركیا نایه‌ین و پێگه‌مان لاوازه. عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت ناتوانێت هه‌ندێك هه‌ڵوێستی توندی هه‌بێت به‌رامبه‌ر به توركیا. بۆیه په‌كه‌كه ده‌بێت ره‌چاوی ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان بكات و هیوادارم په‌كه‌كه هاوكار بێت بۆ ئه‌وه‌ی تووشی شكستی گه‌وره نه‌بین".
له باره‌ی پرسی كه‌ركووك و نه‌گه‌یشتنه رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی له باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه، عارف قوربانی گوتی: "پێم وانییه نه‌گه‌یشتبنه هیچ رێككه‌وتنێك. هه‌ردوولا گه‌شبینن. هه‌ردوولا رێككه‌وتوون ورده‌كاری كۆبوونه‌وه‌كان نه‌ده‌نه میدیا. هه‌ردوولا تێگه‌یشتی هاوبه‌شیان زۆره. ده‌شزانن ئه‌و پێشهاتانه‌ی له پێشن چ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و چ سه‌رژمێری وایان كردووه، كه ده‌بێت پارتی و یه‌كێتی به هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی زیاتر به‌ره‌وپیری ئه‌و پرسه‌وه بچن".