بڕیارێكی نوێ لەبارەی پێوەری ئاوی ماڵان دەدرێت
لە سەر داوای ژمارەیەك پەرلەمانتار ئەو بڕیارە دراوە
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر ئاشكرای دەكات، بڕیارێكی نوێ لەبارەی پێوەری ئاوی ماڵان دراوە و سزادانی ئەو كەسانەی پێوەرەكەیان نەبەستووە بۆ ماوەی دوو مانگ درێژ دەكرێتەوە.
مەسعود كاڕەش، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ماوەی چوار ساڵە بڕیاری بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان دراوە، بەپێی بڕیارەكە لەم مانگە ھەركەسێك پێوەری نەبەستبێ دەبوایە بۆ ھەر مانگێك بڕی 100 ھەزار دینار سزا درابووایە واتا بۆ خولێك كە دوو مانگ دەكات 200 ھەزار دینارە، بەڵام ئەو بڕیارە بۆ دوو مانگی دیكە درێژكرایەوە لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا 1/9/2019 ھەر كەسێك پێوەرەكە نەبستێ ئەوا بە بڕی 200 ھەزار دینار سزا دەدرێت".
گوتیشی: "پڕۆژەی بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان بۆ یەكسانییە لە دابەشكردنی ئاو بەسەر ھاووڵاتیان، بەڵام دوای چوارساڵ ھێشتا بەشێك لە خەڵكی پابەندی بڕیارەكە نەبوونە".
ئاشكراشی كرد: "درێژكردنەوەی بڕیاری سزادانی ھاووڵاتیان لەسەر نە بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان لەسەر داوای ژمارەیەك پەرلەمانتار بووە، بەڵام ئەمە دوا مۆڵەتە و جارێكی دیكە درێژ ناكرێتەوە".
ھ.م