ئەنجوومەنی پارێزگاكان پڕۆژەیەك ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان دەكەن
سەرۆكی ئەنجوومەنی ھەرسێ پارێزگای ھەرێم گەیشتنە پەرلەمانی كوردستان
K24 - ھەولێر
كەمێك پێش ئێستا سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆك گەیشتنە پەرلەمانی كوردستان و پڕۆژەیەك پێشكەشی پەرلەمان دەكەن، لە یەكێك لە خاڵەكانی ئەو پڕۆژەیە داوای درێژكردنەوەی وادەی كاركردنی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكەن، كە ئێستا لە بۆشایی یاساییدان.
ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "لە یەكێك لە خاڵەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە پێشكەشی پەرلەمانی كوردستانی دەكەن، ئەوەیە كە كێشەی بۆشایی یاساییان چارەسەر بكرێت و داوا دەكرێت وادەی كاری یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاكان درێژ بكرێتەوە و تا ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكرێت".
گوتیشی: "خاڵێكی دیكەی ئەو پڕۆژەیە ئەوەیە ھەركەسێك كە دەبێتە پارێزگار دەبێ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا بێت، داوا دەكەن ئەو پڕۆژە یاسایە ھەموار بكرێتەوە".
پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەشكرد: "پەرلەمان ئەو پڕۆژەیە پێشكەش بە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكات، بۆ ئەوەی وەڵامیان بدرێتەوە كە دەتوانرێت لەم ماوەیەكی كورتدا ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكرێت، ئەگەر ھەڵبژاردن بەم زووانە بەكرێت پەرلەمانی كوردستان ماوەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاكان درێژ دەكاتەوە".
دوای كۆتاییھاتنی كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "لەسەر كۆی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان گفتوگۆمان كرد و سەرنج و بۆچوونەكانمان لەبارەی ھەمواركردنەوەی یاساكە ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەكان كرد".
ھەروەھا فەھیم عەبدوڵڵا، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك گوتی: "تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەمان لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنەی ناوخۆیی و یاسایی پەرلەمان، بۆشایی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بوو، كۆبوونەوەكەمان ئەرێنی بوو، بەو ھیوایەی كە لەماوەیەكی كورتدا ئەو كێشەیە چارەسەربكرێت".
ھەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ئاماژەی بەوەكرد: "یەكێك لە خاڵەكان كە گفتوگۆمان لەسەر كرد، مەرجەكانی ھەڵبژاردنی پارێزگار بوو".
ھ.م