مێسی هۆكاری شكسته‌كه‌یان به‌رامبه‌ر به‌رازیل ده‌ستنیشان كرد

مێسی: زۆرجار ئازار ده‌چێژم كه‌ ناتوانم ببمه‌ پاڵه‌وان

دوای ئه‌وه‌ی به‌رازیل به‌ دوو گۆڵی بێوه‌ڵام شكستی به‌ ئارجێنتینا هێنا و گه‌یشته‌ فایناڵی كۆپا ئه‌مریكا، لیۆنێل مێسی كاپتنی تانگۆ ناوبژیوانی به‌ هۆكاری شكسته‌كه‌ تاوانبار كرد.

لیۆنێل مێسی راسته‌وخۆ دوای یارییه‌كه‌ له‌ لێدوانێكدا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ناوبژیوانی یارییه‌كه‌ دوو لێدانی پێناڵتی دروستی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئارجێنتینا هه‌ژمار نه‌كرد و ڤاریش هیچ رۆڵێكی بۆ راستكردنه‌وه‌ی ناوبژیوان نه‌بینی.

مێسی گوتیشی: پێموایه‌ ئاستێكی به‌رزمان پێشكه‌ش كرد و ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا هه‌بوو پێشكه‌شمان كرد، به‌س به‌داخه‌وه‌ ئه‌و شته‌ی كه‌ زۆرئازاربه‌خشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناتوانم له‌گه‌ڵ وڵاته‌كه‌م پاڵه‌وان بم.

مێسی ده‌شڵێت: ئه‌م تیپه‌ی ئێستای تانگۆ ده‌بێته‌ هیوایه‌ك بۆ داهاتوو، دڵنیام تیپێكی باشی لێ دروست ده‌بێت، ته‌نیا كاتمان پێویسته‌، ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ یاریزانه‌ لاوه‌ به‌رده‌وام بم، به‌شداری له‌ كۆپا ئه‌مریكای 2020 و مۆندیالی قه‌ته‌ریش بكه‌م.

لیۆنێل مێسی بۆ پێنجه‌مجار به‌شداریی له‌ كۆپا ئه‌مریكا كرد به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ نازناوێك بباته‌وه‌، له‌م كۆپا ئه‌مریكایه‌ش پێنج یاری ته‌نیا یه‌ك گۆڵی به‌ لێدانی پێناڵتی تۆمار كرد.