سەرۆك بارزانی: لە دەستووری کوردستاندا مافەكانی سەرجەم پێکهاتەکان دەچەسپێت

سەرۆك بارزانی لەگەڵ فڕاكسیۆنەکانی پێکهاتەکانی مەسیحی و تورکمان لە پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە 3/7/2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ فڕاكسیۆنەکانی پێکهاتەکانی مەسیحی و تورکمان لە پارلەمانی كوردستان كۆبووە و لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی رایگەیاند، لە دەستووری کوردستاندا مافەكانی سەرجەم پێکهاتەکان دەچەسپێت و کوردستان وڵاتی هەموومانە.

لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی مەسیحی و تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆیان پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرد، کە هەمیشە بەرگریی لە مافی پێکهاتەکان کردووە و ئاماژەیان بە پێداگریی سەرۆک بارزانی کرد لەسەر نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتەکان لە کاتی کۆبوونەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بەر لە رووخانی رژێمی بەعس و دواتریش رۆڵی دیاری سەرۆک بارزانی لە چەسپاندنی مافی پێکهاتەکان لە دەستووری هەمیشەیی عێراق و پێکهاتەی ئێستای سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتییان لە کابینەی داهاتووی حکوومـەتی هەرێمیان بەرز نرخاند.

هەروەها سوپاسی سەرۆکایەتیی پارلەمان و فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد کە لە دانانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی کوردستاندا پشتیوانی پێکهاتەکان بوون.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی نوێنەرانی پێکهاتەکانی مەسیحی و تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و ئاماژەی بەوەدا کە کوردستان وڵاتی هەموومانە و پێویستە هەمووانیش لە بەڕێوەبردنیدا هاوبەش بین و هەمووشمان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین. سەرۆک بارزانی جارێکی دیکەش جەختی کردەوە کە نابێ بە هیچ پێکهاتەیەک بگووترێت "کەمینە" و هیچ نەتەوەیەک بە ژمارە ناپێورێت و هەریەکەیان تایبەتمەندیی خۆی هەیە و دەبێ ڕێز لەو تایبەتمەندییانە بگیرێت.

سەرۆک بارزانی ڕۆڵی نوێنەرانی مەسیحی و تورکمانی لە پارلەمانی کوردستان بەرز نرخاند و داوای کرد بەشێوەیەک بەرگریی لە مافی پێکهاتەکان بکەن کە بەرانبەر دەنگدەرانی خۆیان سەربەرز بن.

سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە لە دەستووری کوردستاندا مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکان بەتەواوی دەچەسپێت و رێگە بەهیچ جیاکارییەکی نەتەوەیی و ئایینی نادرێت و هەمووان لە کوردستاندا یەکسان و هاوبەش دەبن.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لەبارەی دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بەرچاوڕوونیی پێویستی خستەڕوو.